سەرۆکی پەرلەمان: لە رێگەی فۆرمێکەوە پەرلەمانتاران دەتوانن خانەنشینی رەتبکەنەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-18 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوای بەرکاربونی یاسایی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان ماوەی مانگێک دەدرێت بە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی داواکاری فۆرمی وەرگرتن یان رەتکردنەوە خانەنشینی پڕبکەنەوە، دەشڵێت "هەر داواکارییەکی دیکە بەدەر لەو فۆرمەی پەرلەمان بەهای یاسایی نیە".

ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنیان گەشتوەتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتیان هەیە دەتوانن داوای خانەنشینی بکەن

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا دەربارەی  دەستبەردابون لە مافی خانەنشینی رونیکردوەتەوە، هەر فەرمانبەرێک لە هەرێمی کوردستان تەمەنی گەیشتە 63 ساڵ  بە گوێرەی پلە وەزیفییەکەی و بە گوێرەی یاسا خانەنشین دەکرێن، لە هەمان کاتیشدا ئەو فەرمانبەرانەشی تەمەنیان گەشتوەتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتیان هەیە دەتوانن داوای خانەنشینی بکەن.

 پەرلەمانتارانی خولی ئێستای پەرلەمانیش دەتوانن لە دوای بەرکاربونی یاساکە فۆرمەکە پڕبکەنەوە

 

 ئاماژەی بەوەشکردوە، "سەبارەت بە پەرلەمانتارانی خولەکانی پەرلەمانی کوردستانیش بە گوێرەی یاسای چاکسازی، تەمەن و خزمەتیان هەرچەند بێت و بڕوانامەیان هەرچی بێت، دەتوانن دەستبەرداری خانەنشینی ببن وەک پەرلەمانتار، هاوکات پەرلەمانتارانی خولی ئێستای پەرلەمانیش دەتوانن لە دوای بەرکاربونی یاساکە و لە ماوەی 30 رۆژدا فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینی لە دیوانی پەرلەمان پڕبکەنەوە".

هەر پەرلەمانتارێک لەو (30) ڕۆژەدا داوای دەستبەرداربون پێشکەش بکات ئیتر مافی خانەنشینی نامێنێت

 

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان روینیشکردوەتەوە، رۆژی یەکشەممە 19ی ئەم مانگە یاسای چاکسازی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت و دواتر لە ڕۆژنامەی فەرمی(وەقایعی کوردستان)دا بڵاودەکرێتەوە، دوای ئەو بەروارەش هەر پەرلەمانتارێک لەو (30) ڕۆژەدا داوای دەستبەرداربون پێشکەش بکات ئیتر مافی خانەنشینی نامێنێت .