حکوومه‌ت بەپێی یاسا پاسه‌وانی باره‌گا و به‌رپرسان ڕێك ده‌خات

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆی ‌په‌رله‌مانی كوردستان گوتی، پاسه‌وانی باره‌گا و به‌رپرسان له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕێك دەخرێت و به‌پێی یاسا پاسه‌وان بۆ هه‌ر شوێن و به‌رپرسێك دیاری ده‌كرێت و وه‌زاره‌تی ناوخۆش ڕێنماییی تازە دەردەكات، به‌مه‌ش چیتر به‌رپرسان ناتوانن به‌ ئاره‌زووی خۆیان پاسەوان بۆ خۆیان دیاری بكه‌ن.

ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌عید هه‌ركی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانیی هه‌رێمی كوردستانەوە پاسه‌وانی حكوومی و به‌رپرسان ڕێك ده‌خاته‌وه‌ و ئه‌و یه‌كه‌یه‌ هه‌موو پاسه‌وانه‌كانیان بۆ دیاری ده‌كات و چیتر به‌رپرسان 10 پاسه‌وان و فه‌وجێكیان نامینێت و به‌پێی ڕێنمایی هه‌موو به‌رپرس و باره‌گایه‌ك پاسه‌وانی بۆ دیاری ده‌كرێت، چونكه‌ پێشتر خۆیان پاسەوانیان بۆ خۆیان دیاری ده‌كرد، به‌ڵام له‌مه‌ودووا به‌پێی یاسا به‌رپرس پاسه‌وانی بۆ دیاری ده‌كات، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە."

سه‌عید هه‌ركی گوتیشی: "به‌رپرس هه‌بووه‌ زیاتر له‌100 پاسه‌وانی هه‌بووه‌ و 50یان كاریان كردووه‌ و50شیان بندیوار بوونه‌، بۆیه‌ ته‌نها ئه‌و پاسه‌وانانه‌یان بۆ دیاری ده‌كه‌ن كه‌ بەکردەوە پاسه‌وانی ده‌كه‌ن و به ‌هیچ شێوه‌ك بندیوار نامێنێت."

هه‌ركی باسی له‌وه‌ش كرد: "حكوومه‌ت زۆر جددیه‌ لەوەی كه‌ پێویسته‌ به‌پێی ڕێنماییی نوێ و به‌پێی یاسا پاسه‌وانان ڕێك بخرێنەوە، بۆیه‌ هه‌موو پاسه‌وانه‌كان ڕێك ده‌خرێنەوە و دادپه‌روه‌ری په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌مه‌ش هیچ بندیوارێك نامێنێت و دیار ده‌بێت هه‌ر به‌رپرس و باره‌گایه‌ك چه‌ند پاسه‌وانی هه‌یه‌."

بڵند ئیبراهیم