سبەی دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایى لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەدات

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

مووسڵ-KDP.info- دوای بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، سبەی دووشەممە دادگای باڵای فیدراڵی کۆبوونەوەی لەسەر دەکات، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ رایدەگەیەنێت، بەنەمانی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵات بۆتە مەرکەزی.

سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دوای بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، وەک ئەنجومەن سکاڵامان تۆمارکردووە، بڕیاریشە سبەی دووشەممە ٢٠ی١ی٢٠٢٠دادگای باڵای فیدراڵی کۆبوونەوەی لەسەر دەکات کە ئایە ئەنجومەنی پارێزگاکان بەردەوام بێت یاخود بەردەوام نەبێت، ئەگەر دادگا بەپێی یاسا بڕیار بدات بەردەوام دەبێت بەپێچەوانەوە کارەکان بەوشێوەیە دەمینێتەوە، بەڵام ڕەنگە دوا بکەوێت، چونکە دادگا نایەوێت ھیچ بڕیارێکی لەسەر بدات.

چەتۆ گوتیشی، تا ئێستاش دەوامی خۆمان دەکەین و لەکاری خۆمان بەردەوامین، بەڵام ناتوانین ھیچ بڕیارێک بدەین و چاوەرێی بڕیاری دادگا دەکەین.

سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ باسی لەوەشکرد، نوێنەرانی مووسڵ لە ‌پەرلەمانی عێراق چاودێری بارودۆخەکە دەکەن، بەڵام پارێزگار بۆخۆی بڕیار دەدات وھیچ پرس بەو نوێنەرانە ناکات، بۆیە بێ ئەنجومەنی پارێزگا کاریگەری زۆری دەبێت و دەسەڵات دەبێتە مەرکەزی.

 

 

بڵند ئیبراھیم