بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە 10 کەس برینداربون

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان- نیگار عومەر 

وتەبێژی هاتوچۆی دەربەندیخان رایگەیاند، بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە لەسەر ڕێگای دەربەندیخان - وارماوە 10 کەس برینداربون کە برینی هەندێکیان سەختە.

ڕێژەن بورهان، وتەبێژی هاتوچۆی دەربەندیخان بەخەندان-ی راگەیاند، "بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە لە جۆری پێکدادان لەنێوان دو ئۆتۆمبێل، پاسێکی نەفەر هەڵگر لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر، لەسەر رێگای دەربەندیخان- وارماوە نزیک گوندی سیارە، 10 کەس برینداربون، کە برینی سێ کەسیان سەختە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوداوەکە بەهۆی سەرپێچی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەوە رویداوە کە هەوڵیداوە لە رێڕەوی خۆی دەربچێت.

وتەبێژی هاتوچۆی دەربەندیخان باسی لەوەشکردوە، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەربەندیخان، سیان لە برینداران بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سلیمانی.