ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵی سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی، ئاماژەیە بۆ بەردەوامی ئەو رێککەوتن و گفتوگۆیانەی، کە پێشتر لە نێوان هەولێر و ناوەند کراون، ئاماژەش بەوە دەدا بە ئارامبوونەوەی بارودۆخەکە سەردان و گفتوگۆکان دەست پێ دەکەنەوە.
دکتۆر بەشیر حەداد، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی باشدایە، کە گەیشتبوونە ئاستێکی بەرز و تیمە هوونەرییەکان خەریکی کاری خۆیان بوون، گفتوگۆکان و هاتووچۆی شاندەکانیش بەردەوامی هەبوو، هەتا رووداوی خۆپێشاندانەکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق، کە بارودۆخی ئاڵۆزکرد، بەو هۆیەشەوە حکوومەتی عێراق زیاتر سەرقاڵی خۆپێشاندان و ئەو بارودۆخە بوو، کە تێیکەوتبوو، بۆیە گفتوگۆ و سەردانەکان ساردی تێکەوت، هاوكات هۆکارێکی دیکەیشی، دەستلەکار کێشانەوەی سەرۆکوەزیران بوو.
بەشیر حەداد گوتیشی، "سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی، کە لە رۆژانی رابردوودا ئەنجامی دا و لەگەڵ سەرکردەکانی کوردستاندا کۆبووەوە، ئامانجی برودان و بەرەو پێشەوەبردنی گفتوگۆ و رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر بەغدایە.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە گفتوگۆکان کاتێ بەردەوامی دەبێت، کە بودجەی گشتی عێراق بڕواتە ئەنجوومەنی نوێنەران، هاوکات لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێشدا گفتوگۆکان چڕتر دەبن و دەگەنە رێککەوتن.
خێڵان بەختیار