سەعدی حەریری داوای بەپەلە پێکهێنانی حکومەت دەکات

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-


سەعد حەریری سەرۆکی کاربەڕێکەری حکومەتی لوبنان لەپەیامێکدا داوای راگرتنی بەفیڕۆدانی کات و بەپەلە پێکهێنانی حکومەت دەکات.
پێویستە چیتر کات بەفیڕۆ نەدەین و پەلەبکەین لەپێکهێنانی حکومەت

حەریری کە پێشتر بەهۆی فشارە سیاسییەکانەوە دەستی لەکارکێشایەوە و دواتر شێوەیەکی کاتی پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرتەوە، رایگەیاندوە، "پێویستە چیتر کات بەفیڕۆ نەدەین و پەلەبکەین لەپێکهێنانی حکومەت."
دەرگای گفتوگۆی لایەنەکان بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابورییەکان

حەریری داواش دەکات، دەرگای گفتوگۆی لایەنەکان بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابورییەکان.

ئێوارەی دوێنێ لەنزیک پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەناوەڕاستی بەیروت، پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی لوبنان رویدا و بەهۆیەوە چەندین خۆپیشاندەر برینداربون.

بەوهۆیەوە، لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری لوبنان رایگەیاند، روبەروبونەوەی هێزە ئەمنییەکان بەو جۆرەی کە بینیمان هەڕەشەیە بۆ ئاشتی لوبنان و بەکارێکی نەشیاوی دەزانم.

حەریری ئاماژەی بەوەشکردوە نابێت رێگەبدرێت بەیروت بکرێتە مەیدانی یەکلایکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان و شوێنی روبەروبونەوەی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و جوڵانەوەی جەماوەری، چونکە ئەوە زیان بەپێگەی مێژویی بەیروت دەگەیەنێت.

سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری لوبنان ئاماژەی بەوەشکردوە، بەروبەروبنەوەی خۆپیشاندانی هێمنانە و پێشێلکردنی یاساکان خەونەکانی رەفیق حەریری لەگۆڕدەنێن کە خەونی بەیروتێکی یەکگرتو بو بۆ تەواوی لوبنیانییەکان.

وتیشی، ئەوان رێگەنادەن بەیروت بکرێتەوە بەشاری تێکشکاندن و وێرانکاری و شەڕ و روبەروبونەوە.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەنزیکی یەکێک لەدەروازەکانی پەرلەمانی لوبنان روبەروبونەوە و توندوتیژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رویداوە و بەهۆیەوە چەندین بریندار رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.