خەندان-
لیژنەی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا بڕیاریانداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی "مه‌جید هه‌روتى" پێشمەرگە لە لیوای سێی تایبەت، کە دوای سێ رۆژ مانه‌وه‌ی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی هه‌ولێر به خنكاوی دۆزرایه‌وه.
بە گوێرەی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، ئه‌مڕۆ یەکشەممە لیژنه‌ى پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی رێڤینگ هرورى سه‌رۆكی لیژنه و ئاماده‌بونی ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه كۆبوەتەوە و تاوتوێی پرسی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڵاتى (مه‌جید هه‌روتى) کراوە".
بڕیاردرا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت كه بێلایه‌نانه به‌دواداچون بۆ بابه‌ته‌كه بكات
ئەوەش هاتوە، "بڕیاردرا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت كه بێلایه‌نانه به‌دواداچون بۆ بابه‌ته‌كه بكات و به‌پێى به‌ڵگه‌كان راپۆرتى خۆى له‌ڕێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ئاراسته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار بكات".
به‌پێویستی دەزانین لەو حاڵەتانەدا كادر و به‌رپرسی حزبەکان لێدوانى ناڕاست بڵاونەکەنەوە
لیژنەی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان ئەوەشی خستوەتەڕو، "هه‌ر له كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌پێویست زانرا كه حزبه‌كان له‌كاتی رودانی ئه‌و جۆره حاڵه‌تانه رێگه به‌كادرو به‌رپرسه‌كانیان نه‌ده‌ن به‌بێ ئاگاداریى ئه‌وان لێدوانى ناڕاست له راگه‌یاندن بڵاو بكه‌نه‌وه".
کەسوکاری ئەو پێشمەرگەیە داوایان کرد تەرمی ناوبراو رەوانەی پەیمانگای پزیشیکی سلێمانی بکرێت
16ی ئەم مانگە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر (مه‌جید هه‌روتى) پێشمەرگە لە لیوای سێی تایبەتی هێزی پێشمەرگە گیانی لەدەستدا و بە گوێرەی راگەیەنراوی ئاسایشی هەولێر ناوبراو "خۆی خنکاندوە"، دواتریش کەسوکاری ئەو پێشمەرگەیە داوایان کرد تەرمی ناوبراو رەوانەی پەیمانگای پزیشیکی سلێمانی بکرێت، بە ئامانجی توێکاری بۆ تەرمەکەی.
18ی ئەم مانگەش لاهور شێخ جەنگی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی گیان لەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیە بڵاویکردەوە، "وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لیژنەیەکی باڵامان پێک ھێناوە و دەرئەنجامەکەشی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین".