لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەی لیستی شەھیدان پێک دێت"

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info-لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا پێداچوونەوە بە لیستی شەھیداندا دەکرێت و سەرۆکی لیژنەی شەھیدانیش ئاشکرای کرد، ھەموو ئەو ناوانەی پێشتر سوودمەند بوونە و شەھید نینە، ناویان لە لیستی شەھیدان لادەدرێت.

سەوسەن گەردی، سەرۆکی لیژنەی شەھید و جینۆساید لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرچەندە دڵنیاییی ئەوە دراوە بە کەسوکاری سەربڵندی شەھیدان و جینۆساید، ئەوانەی بەپێی یاسا سوودمەند بوونە، مافیان پارێزراوە، بەڵام لەگەل ئەوەشدا چاکسازی لە لیستی وەزارەتی شەھیداندا دەکرێت و ئەوانەی بەھەر شێوەیەک سوودمەند بوونە و مافی سوودمەندبوونیا نییە، لادەدرێن."

سەرۆکی لیژنەی شەھیدان گوتی: "پڕۆسەی پاکسازی لە لیستی شەھیداندا دەکرێت و ژمارەیەک دادوەریش بەشداری دەکەن بۆ پێداچوونەوەی پەرلەمان و لایەنەکانی دیکەش چاودێریی پاکسازییەکەی لیستی شەھیدان دەکەن و ھەرکەسێک شەھید نەبووبێت و ناوی لە لیستی شەھیداندا تۆمار کرابێت، لادەدرێت."

سەوسەن گەردی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەر سێ مانگ، جارێک، حکوومەت زانیاری دەداتە پەرلەمان لەبارەی بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی پاکسازییەکە، چونکە دەمانەوێ ئەو خەڵکەی مافی یاسایییان ھەیە جیا بکرێتەوە لەوانەی یاسا نایانگرێتەوە و سوودمەندن لە داھاتی ھەرێمی کوردستان."

قائید میرۆ