سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان: زیاتر لە 170 هەزار کەس لەلیبیا ئاوارە بون

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان


خەندان-

کەمێک بەرلەئێستا و لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆنفرانسی بەرلین بۆ چارەسەرکردنی پرسی لیبیا، ئەنتۆنی گوتێرز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، قەیرانی لیبیا ناتوانرێت بەشەڕ کۆتایی پێبهێنرێت و پێویستە ئەو شەڕە بەڕێگای دانوستان کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە تائێستا 170 هەزار کەس لەلیبیا بەهۆی ئەو شەڕە نەگریسەوە ئاوارەبون. 

تائێستا 170 هەزار کەس لەلیبیا بەهۆی ئەو شەڕە نەگریسەوە ئاوارەبون

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان راشیگەیاند، جارێکی تر داوا لەلایەنە ناکۆکەکانی شەڕی لیبیا دەکەین بەشێوەیەکی راستەو خۆ یان ناڕاستەوخۆ کە کۆتایی بەشەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە بهێنن و ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیەنن.

ئێوارەی ئەمڕۆ ( بەکاتی هەرێمی کوردستان) کۆنفرانسی ئاشتی بەریلین تایبەت بەچارەسەرکردنی پرسی لیبیا بەئامادەبونی سەرکردەی یەکەمی چەند وڵاتێکی کاریگەر دەستیپێکرد.

کۆنگرەی بەرلین، بەبەشداری سەرکردەکانی هەریەک لە ئەمریکا، روسیا، تورکیا، فرەنسا، ئەڵمانیا، چین، ئیتالیا، میسر و ئیمارات بەڕێوەدەچێت و ئامانج لەبەستی ئەو کۆنگرەیە وەک راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاندوە تەنها بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەییە لەو وڵاتە.

جگەلەوە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمکاری عەرەبی و یەکێتی ئەوروپا بەشداری ئەو کۆبونەوەیە دەکەن و تێیدا هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی لیبیا و راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی دەدەن بەئامادەبونی لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا.