هەڵمەتێكی فراوان بۆ بڕینی كارەبای سەرپێچی دەست پێدەكرێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-20 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری كارەبای هەولێر رایگەیاند، تا ئێستا شەش هەزار و 244 هاووڵاتی كە كارەبایان بە سەرپێچی راكێشابوو یاخود كارەبایان نەبووە و رایان كێشاوە، سەردانی فەرمانگەكانی كارەبایان كردووە و بوونەتە هاوبەشی راستەقینە. دەشڵێ: "دوایین مۆڵەت بۆ ئەوانەی كارەبایان بە سەرپێچی راكێشاوە، تا سەرەتای مانگی داهاتووە، كە دواتر هەڵمەتێكی فراوان بۆ بڕینی كارەبای سەرپێچی دەست پێدەكەین و خاوەنەكانیشیان سزا دەدەین".

حوسێن حەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی مۆڵەتی مانگێك درا بە هاووڵاتیان بۆ ئەوەی هەر كەسێك كارەبای بە شێوەی سەرپێچی راكێشاوە سەردانی فەرمانگەكانی كارەبا بكات تا ببێتە هاوبەشی راستەقینە، بەڵام بە هۆی هاتنی خەڵكێكی زۆر و بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیان بتوانن كارەكانیان رایی بكەن، بۆ ماوەی مانگێك وادەكە درێژ كرایەوە كە تاوەكو یەكی مانگی دوو كۆتا وادەیە.

حەمەد گوتیشی، لە سەرەتای مانگی  داهاتوودا هەڵمەتێكی فراوان و چڕ دەست پێدەكەن و ئەوەی كارەبای بە شێوەی سەرپێچی راكێشاوە و نەبووەتە فەرمی، دەیبڕن و سزاشی دەدەن، بۆیە پێویستە تا ئەو كاتە هەموو هاووڵاتییەك كارەكانی تەواو بكات.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، تا كۆتایی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو ئەوانەی سەردانی فەرمانگەكانیان كردبوو، 4هەزار و647كەس بوون و لە مانگی یەكیشەوە تا ئێستا هەزار و597كەس سەردانیان كردووە و ئەمانەش ئەوانەن كە كارەبایان بە سەرپێچی راكێشابوو و هاتوون بوونەتە هاوبەشی راستەقینە.

 

بڵند ئیبراهیم