بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر وەڵامی مەحموود سەنگاوی دەداتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-20 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر، لە ڕوونكردنەوەیەكدا رایدەگەیەنێت، چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، مەحموود سەنگاوی بە شێوەیەكی ناڕەوا و بە ئاستێكی نزمی وەك خۆی پەلاماری هێزەكانی ئاسایشی دا و ناماقوڵیی زۆری دەرهەق بە دڵسۆزان و رۆڵەكانی ئەم گەلە و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە. ئەو وتانەی مەحموود سەنگاوی پەیوەندیدارە بە دۆسیەی تۆمەتبارێك كە لەسەر مامەڵەكردن بە شەست كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستگیر كرابوو و لە بەندیخانە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

ئەمە دەقی وەڵامەكەیە:

وەڵامێكی پێویست بۆ (مەحموود سەنگاوی) لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش- هەولێرەوە..

چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، مەحموود سەنگاوی بە شێوەیەكی ناڕەوا و بە ئاستێكی نزمی وەك خۆی پەلاماری هێزەكانی ئاسایشی دا و ناماقوڵیی زۆری دەرهەق بە دڵسۆزان و رۆڵەكانی ئەم گەلە و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە. ئەو وتانەی مەحموود سەنگاوی پەیوەندیدارە بە دۆسیەی تۆمەتبارێك كە لەسەر مامەڵەكردن بە شەست كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستگیر كرابوو و لە بەندیخانە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

ئێمە تێگەیشتنمان هەیە بۆ هەست و سۆزی كەسوكار و لایەنگرانی ئەو كەسە كە تێوە گلاوە بە بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و دەرگامان كراوەتەوە بۆ هەر جۆرە لێكۆڵینەوەیەك كە گومانەكان بڕەوێنێتەوە و لێكۆڵینەوەكان لەو بارەیەوە لەگەڵ لایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەكان بەردەوامە.

 

ئاشكراكردنی ئەم گرووپە تاوانبارە دەستكەوتی گەورەیە بۆ پڕۆسەی گەڕان و ئاشكراكردنی ئەو گرووپە مافیاییەی دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بكەنە ناوەندی بازرگانیكردن و ئاڵوودەكردنی هاووڵاتیان بە ماددەی نەگریسی هۆشبەر. دەزانین قاچاخچێتی لە ناو پەشێویدا چالاك دەبێت، بۆیە جێگەی سەرسووڕمان نییە قاچاخچییەكی ناسراوی مەرزەكانی ناوچەی گەرمیان، كە تێوەگلاوی بازرگانیی ڕەش و ئەندامی تۆڕی بازرگانیی ناشەرعییە، بەرگری لە تۆڕی مافیا بكات و لەسەریان بێتە دەنگ و وەرەقەكان تێكەڵی پەیوەندیی نێوان حیزبەكان بكات.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە لە ڕۆڵە دڵسۆزەكانی ئەم گەلە و شەونخوونی و ماندووبوونیی زۆر دەكێشن و هەزاران شەهید و بریندارمان داوە تا هاووڵاتیان لە ئارامی و ئاسایشدا بژین و هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت لە هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەكی تیرۆریستان و مافیاكانی ماددەی هۆشبەر و هاوكاری و پاڵپشتی و دەستخۆشیی هاونشتمانیانی دڵسۆز لای ئێمە سەنگی مەحەكە، نەك خۆگڤكرندنەوەی شەریكەكانی تاوان و قاچاخچێتی.

دەزگاكەمان بە مافی خۆی دەزانێت لە دژی هەر جۆرە تۆمەتێكی ناڕەوا و ناوزڕاندنێك، بەرامبەر دەزگا و هێزەكانمان، رێكاری یاسایی بگرێتە بەر.

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش- هەولێر

2020/1/20