وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن: نووسراومان كردووه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی كارتی مۆبایل

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-20 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن ئاماژه‌ به ‌كاری كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه‌ ده‌كات و باس له‌وه‌ ده‌كات نووسراویان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كرێی كارتی مۆبایل كه‌م بكرێته‌وه‌.

ئانۆ عیدۆ عه‌بدۆکا، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  "نووسراوێکیشمان ئاراسته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کردووه،‌ تا ئه‌وانیش بۆ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی عێراقی بکه‌ن، تا بڕی پاره‌ی کارتی مۆبایلی هه‌رسێ كۆمپانیای كۆڕه‌ك و زین و ئاسیاسێڵ که‌م بکرێته‌وه‌، که‌ کاتی خۆی به ‌بڕیاری ئه‌و به‌ڕێزانه‌ له ‌به‌غدا، له‌ ساڵی ٢٠١٥، زیاد کراوە.'

ده‌شڵیت: "ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی که‌ شه‌قامه‌کان بۆ هێڵی ئینته‌رنێت هه‌ڵده‌که‌نن، داوامان کردووه‌ ته‌نسیق له‌گەڵ شاره‌وانی و پارێزگاکان بکه‌ن و له‌سه‌ر خه‌ت بن، تا کاری خۆیان بکه‌ن و ده‌بێ کاره‌کان به‌فه‌رمی بن."

ڕایشیگه‌یاند: "هه‌ندێک لێکۆڵینه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر چه‌ند کۆمپانیایه‌کی گواستنه‌وه،‌ چاوه‌ڕوانی لێکۆڵینه‌وه‌ و ده‌ره‌نجامه‌کان ده‌که‌ین، تا كه‌یسه‌كانیان یه‌كلا كرێته‌وه‌."

کارزان هەورامی