یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان: "بە تەلەفۆنێک مووچەی یەک ساڵی ئەندامانمان وەلانراوە"

دوا نوێکردنەوە: 2020-10-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان، سامان حسێن ڕایگه‌یاند،"بە تەلەفۆنێک مووچەی یەک ساڵی کەمئەندامان وەلانراوە".

سامان حسێن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بە خراپی گوزەرانی کەمئەندامان کرد و رایگەیاند دوای ٦١ رۆژ مووچەیان پێدراوە و گوتی: 'لەكاتی ئامادەكردنی لیستی مووچە، تەنها بە تەلەفۆنێك گوتراوە مووچەی یەك ساڵی كەمئەندامان وەلابنرێت و لە بری مووچەی مانگی نۆی ساڵی ٢٠١٩، مووچەی مانگی نۆی ساڵی ٢٠٢٠ دابەش دەكرێت".

سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان راشیگەیاند کە سەبارەت بە لێبڕینی مووچەی یەکساڵی کەمئەندامان یاداشتێکیان ئامادەکردووە و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی کۆببنەوە و یاداشتەکەی پێشکەش بکەن.

سامان حسێن لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکاری ٨٦ هەزار کەمئەندامدا، ئاماژەی بەوە کرد کە تەنها ١٥ رۆژ مۆڵەت دەدەن بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان بەپێچەوانەوە لەڕێی دادگای كارگێڕییەوە داوای یاسایی لەسەر حكوومەتی هەرێم تۆمار دەكەن.