بەهۆی نەدانی مووچەوە بازاڕی فەرش بەرەو کزی دەچێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-10-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، هەموو ساڵێک بازاڕی فەرش گەرم و گوڕیەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام ئەمساڵ کەمی مووچە و قەیرانی دارایی کە بەرۆکی فەرمانبەرانی گرتووە، کاریگەری کردووەتە سەر ئەو بازاڕەش و هاووڵاتییان لەبری فەرشی تازە، روو دەکەنە بازاڕی کۆنەی فەرشفرۆشان.

لە مانگی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک هاووڵاتییان پەیتا پەیتا روو دەکەنە دووکانەکانی فرۆشتنی فەرش، بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان لە وەرزی زستاندا بە فەرشی نوێ، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمی مووچە و قەیرانی دارایی کە بەرۆکی فەرمانبەرانی گرتووە، هاووڵاتییان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان لە فەرش زیاتر روودەکەنە بازاڕی کۆنەی فەرشفرۆشان.

هاووڵاتی کەریم ئەحمەد کە فەرمانبەرێکی کەرتی گشتییە و لە یەکێک لە دەزگا حکوومیەکاندا کار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستیان بە فەرش هەیە، بەڵام نەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا و دواکەوتنی بۆ ٦٠ رۆژ زیاتری مووچە و کەمکردنەوەی، وای لێکردوون کە دەست بەپارەوە بگرن و خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە، بۆیە هەرچەندە پێویستی زۆریان بە فەرش هەیە، بەڵام ناچارن بچنە بازاڕی کۆنەی فەرشفرۆشان.

حاجی ئەکرەم کە لە بازاڕی فەرشفرۆشان کار دەکات ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی بەرهەمی فەرشەکانیان لە ئێران و تورکیاوە بۆ دێت کە لە رووی نرخیشەوە فەرشی تورکی زیاتر گونجاوە و کوالیتیەکی باشی هەیە، بۆیە هاووڵاتییان زیاتر سەریان کردووەتە سەر فەرشی تورکی.

ئەو فرۆشیارەی فەرش ئاماژە بەوە دەکات کە بازاڕی ئەمساڵ کزترە لەچاو پاردا و گوتی: "ساڵانی پێشوو رۆژانە پێنج بۆ دە فەرشمان دەفرۆشت، ئەمڕۆ تەنها ئەگەر سێ یان چوار فەرش بفرۆشرێت، لەکاتێکدا ئێستا وەرزی سەرماوسۆڵە تازە دەستپێدەکات".