زۆرترین حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا

دوا نوێکردنەوە: 2020-10-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)، بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە رۆژێکدا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا تۆمارکراوە.

لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٣٢ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارە لە دهۆک بووە بە ٤٠٦ تووشبوو، ٣٢٦ لە هەولێر، ٢٤٣ لە سلێمانی، ٢٨ لە گەرمیان و لە پارێزگای هەڵەبجەیش ٢٩ تووشبوو.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٤٩ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە کە زۆرترین ژمارەیان لە هەولێر بووە بە ١١٤ کەس، ٦٥ کەس لە دهۆک، ١٥ کەس لە سلێمانی، ٢٩ کەس لە گەرمیان و لە هەڵەبجەش ٢٦ کەس.

هەروەها لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٦ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترین ژمارەیان لە سلێمانی بووە بە ١٠ کەس، شەش کەس لە هەولێر، چوار کەس لە دهۆک، سێ کەس لە هەڵەبجە و سێ کەسیش لە راپەڕین.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، ٥٧١ هەزار و ٢٣٥ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، ٦٢ هەزار و ٧٣٥ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە.

لەو ژمارەیەش تا ئێستا، ٣٧ هەزار و ٨٣٣ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٢٢ هەزار و ٧١٥ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.

تا ئێستا دوو هەزار و ١٨٧ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.