زه‌رده‌شت تۆفیق: كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترامپ پێوه‌ندیی ئەمەریکا و كوردستان ده‌باته‌ قۆناخێكی نوێ

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-21 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ئەمەریکا - KDP.info - سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ کۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانیی داڤۆسدا به‌شداری ده‌كات و چاوی به‌ به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ده‌كه‌وێت، دیداری تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئەمەریکا ده‌بێت.

زه‌رده‌شت تۆفیق به‌گ، ڕاوێژكاری حزبی كۆمارییه‌كانی ئەمەریکا، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "به‌هێزیی پێگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و خودی كوردستان ده‌رده‌خات، کە سه‌رۆك دۆناڵد ترامپ له‌ داواكاری زیاتر له‌ 100 سه‌رۆك و سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری داراییی وڵاتان داوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان كردووه‌، كاتێك سه‌رۆك ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆ ببێته‌وه‌، كه‌واته‌ پێگه‌ی دیپلۆماسیی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌هێزه".

زه‌رده‌شت تۆفیق به‌گ گوتیشی: "لە كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئەمەریکا و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا، سەرۆک ترامپ و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی باس له‌ دۆخی سیاسی و ئابووریی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، سه‌رۆكی كوردستان له ‌کۆبوونەوە‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئەمەریکا باس له‌ داواكارییه‌كانی كورد له‌ ئەمەریکا ده‌كات".

ناوبراو زیاتر گوتی: "ئەمەریکا و كوردستان پێویستیان به ‌یه‌ك بووه‌، به‌ڵام پاش دیدار و کۆبوونەوە‌ی هه‌ردوو سه‌رۆك، ترامپ و نێچیرڤان بارزانی، پێوه‌ندییه‌كانی كوردستان و ئەمەریکا ده‌چێته‌ قۆناخێكی تره‌وه و‌ گۆڕانكاریی له‌ پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا پێک دێت".

له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی داڤۆسدا 153 سه‌رۆك و سه‌رۆكوه‌زیر و سه‌دان وه‌زیر و سه‌رمایه‌دار و شاره‌زا به‌شداری ده‌كه‌ن بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ ده‌خایه‌نێت.

دیداری هه‌ردوو سه‌رۆك له‌باره‌ی ئابوورییه‌وه‌

ڕاوێژكاره‌كه‌ی حزبی كۆمارییه‌كانی ئەمەریکا ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات: "به‌شێكی تایبه‌تی کۆبوونەوە‌ی هه‌ردوو سه‌رۆك جگه‌ له‌ پێوه‌ندیی سیاسی و دیپلۆماسی، باسی ئابووری ده‌بێت و ئه‌م کۆبوونەوە‌یه ‌فرسه‌تێكی زێڕینه‌ بۆ ئەوەی پێوه‌ندیی ئابووریی كوردستان و ئەمەریکا په‌ره ‌پێ بده‌ن".

گوتیشی: "کۆبوونەوە‌ی سه‌رۆكی ئەمەریکا و كوردستان پێگه‌یه‌كی به‌هێز له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و، پێوه‌ندییه‌كانی كوردستان له‌ قۆناخێكه‌وه‌ ده‌باته‌ قۆناخێكی تره‌وه‌".

بڕیاره‌ به‌یانی 22/1/2020 له‌ په‌راوێزی كۆربه‌ندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی ئەمەریکا كۆ ببنه‌وه‌.


عه‌زیز ڕه‌سووڵ