كه‌ركووك -KDP.info- كۆمپانیا بیانییه‌كانی بواری نه‌وت له کەرکووک ده‌كشێنه‌وه، له‌وانه كۆمپانیایی (بیپی)ی به‌ریتانیایی. به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له کەرکووک ده‌ڵێ، به‌هۆی خراپیی دۆخی ئه‌منییەوە ئه‌و كۆمپانیایانه له‌و شاره ده‌كشێنه‌وه، چونكه ئه‌وانه سه‌لامه‌تیی كارمه‌ندانی خۆیان له هه‌موو شتێك لا گرنگتره.
عه‌دنان کەرکووکی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كشانه‌وه‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كان، كه له بواری نه‌وت له کەرکووک كار ده‌كه‌ن، هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دۆخی ئه‌منیی ئه‌و شاره خراپه و تێك چووه و ئه‌وانیش نایانه‌وێت مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی كارمه‌ندانیان هه‌بێت و سه‌لامه‌تیی خۆیان پێ له هه‌موو شتێك گرنگتره."
عه‌دنان کەرکووکی گوتیشی: "دۆخی ئه‌منیی کەرکووک زۆر خراپه و به‌رده‌وام كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌درێت، بۆیه ژیانی هیچ كه‌سێك له‌و دۆخه خراپەدا سه‌لامه‌ت نابێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌وان له‌و شاره ده‌كشێنه‌وه و نایانه‌وێت له بواری نه‌وت له شاری کەرکووک كار بكه‌ن."
بڵندئیبراهیم