ئێران.. گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا ٣١ هەزار کەسی تێپەڕاند

دوا نوێکردنەوە: 2020-10-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لە ئێران لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٢٢ کەس بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان لەدەستداوە، بەمەیش ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لەو وڵاتە بەھۆی ئەو پەتا جیھانگیرەوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣١ ھەزار و ٣٤ کەس.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، سیما سادات لاری رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٢٢ کەس بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە گیانیان لەدەستداوە، ھەروەھا پێنج ھەزار و ٣٩ حاڵەتی نوێی تووشبوون بەو پەتایە تۆمار کراون.

لاری باسی لەوە کرد کە تا ئێستا ٣١ ھەزار و ٣٤ کەس بەھۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و، ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە،‌ ٥٣٩ ھەزار و ٦٧٠ کەس.

لاری ئەوەشی خستەڕوو کە رەوشی تەندروستی چوار ھەزار و ٨١٠ کەس ناجێگیرە و، تا ئێستا ٤٣٤ ھەزار و ٦٧٦ تووشبووش چاکبوونەتەوە و، چوار ملیۆن و ٥٧٠ ھەزار و ٢٤٣ پشکنین لە سەرانسەری وڵاتەکەی ئەنجامدراوە.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئێران لاری، باسی لەوەیش کرد کە لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێران ٣٠ پارێزگایان لەنێو بازنەی مەترسیدار و سوورەکاندان، لەبەرئەوە پێویستە بە درێژایی سێ هەفتە رێوشوێنی تەند بگیرێنە بەر بۆ کۆنترۆڵ کردنی رەوشەکە.

یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئێران لە ١٩ی شوباتی رابردوو لە شاری قوم تۆمار کرا.