له‌سه‌ر دابه‌شكردنى موچه‌، داوایه‌ك ئاراسته‌ى حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى دارایی ده‌كرێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-10-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق داوا له‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى دارایى ده‌كات په‌له‌ بكات له‌ دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و وه‌ك كارتێكى فشار به‌كارى نه‌هێنێت بۆ تێپه‌ڕاندنى یاساى قه‌رز.

‌ئه‌حمه‌د مه‌زهه‌ر رایگه‌یاندووه‌، ملیۆنان عێراقى چاوه‌ڕێى موچه‌ى مانگانه‌ ده‌كه‌ن بۆ به‌ڕێكردنى ژیان و گوزه‌رانیان، هۆشداریش ده‌دات له‌ دوباره‌ دواكه‌وتنى موچه‌، چونكه‌ كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ جۆرێك، كه‌ خه‌ڵك به‌رگه‌ى نه‌گرێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، له‌سه‌ر حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى په‌یوه‌ندیدار پێویسته‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ خه‌رجكردنى موچه‌ و دوباره‌ وه‌ك مانگی پێشو دوانه‌خرێت، پێویسته‌ حكومه‌ت پابه‌ندیه‌كانى به‌رامبه‌ر گه‌ل جێبه‌جێ بكات و سه‌رچاوه‌ى مانگانه‌یان وه‌ك كارتى فشار بۆ سه‌ر په‌رله‌مان به‌كارنه‌هێنێت بۆ تێپه‌ڕاندنى یاساى قه‌رز.

موچه‌ى مانگى ئه‌یلولی فه‌رمانبه‌رانی عیراق ماوه‌ى 15 رۆژ دواكه‌وت و دواى 45 رۆژ دابه‌شكرا، ئه‌وه‌ش ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایى زۆرى به‌دواى خۆیدا هێنا، چونكه‌ به‌شێكى زۆرى خه‌ڵكى عێراق پشتیان به‌ موچه‌ى حكومى به‌ستوه‌.