كه‌ركوك.. به‌ بۆمبی ده‌ستی هێرشكرایه‌سه‌ر باره‌گاى به‌ره‌ى توركمانى

دوا نوێکردنەوە: 2020-10-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

بە بۆمبی دەستی و مۆڵۆتۆف هێرش کرایە سەر بارەگای بەرەی تورکمانی عێراقی لە شارەدێی ئاڵتون کۆپری سەربە پارێزگای کەرکووک باکووری عێراق.

بەڕێوبەری پۆلیسی کەرکووک، عەلی کەمال لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێرشەکە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە ئەنجامدراوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە پەلامارەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانی ماددی بەر بارەگاکە کەوتووە.

عەلی کەمال، ئاماژەی بەوەشدا کە لە بنکەی پۆلیسی شاردێی ئالتون کۆپری دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە پەلامارەکە کراوەتەوە و دەستکراوە بە گەڕان بەدوای پەلاماردەرەکاندا.

بەرپرسی بارەگاکەی بەرەی تورکمانی عێراقی، زەکی ئیبراهیم تیشکی خستە سەر پەلامارەکە و داوای لە حکوومەتی ناوەندی کرد پشتیوانە ئەمنییەکانی بۆ کەرکووک زیاتر بکات.

ئیبراهیم ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هیچ زانیارییەکی نییە لەبارەی ئەوەی کێ پەلامارەکەی ئەنجامداوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە دەشێت پەلاماردەرەکان لەو کەسانە بن کە دەیانەوێت لە ناوچەکەدا گرژی لەنێوان نەتەوە جیاجیاکاندا دروست بکەن.