سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوێد كۆبووه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-21 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى پشتگیریى سویدى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش و هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانى بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێم كرد و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ سوید دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ر له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنیدا له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21/1/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ خاتوو ئان لیند وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوێد كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و سوید، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى هاوكاریكردنیان، خۆپیشاندانه‌كان و دوایین پێشهاته‌كانى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، گرنگیى هه‌وڵى هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و پێویستیى به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر، تاوتوێ كران.

لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو لیند سوپاس و پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تێكشكاندنى داعش و له‌ پاراستنى پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و داڵده‌دان و هاوكاریكردنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ده‌ربڕى.