هەرێمی کوردستان.. بەرزترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا له‌ رۆژێكدا تۆمار كرا

دوا نوێکردنەوە: 2020-10-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستی زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە رۆژێکدا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، تۆمارکراوە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە "لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٧٨ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارە لە دهۆک بووە بە ٤٧١ تووشبوو، ٤٢٢ لە هەولێر، ١٠٠ لە سلێمانی، ٢٤ لە گەرمیان، ٢٤ لە راپەڕین و لە پارێزگای هەڵەبجەیش ٣٧ تووشبوو".

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٧٥ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە کە زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ١٤٩ کەس، ١٤٣ کەس لە هەولێر، ٣٣ کەس لە سلێمانی، ٢٩ کەس لە گەرمیان و لە هەڵەبجەش ٢١ کەس.

هەروەها لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٥ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، پێنج کەس لە هەولێر، پێنج کەس لە دهۆک، سێ کەس لە سلێمانی و دوو کەسیش لە هەڵەبجە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، ٦٤ هەزار و ٨٢٣ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە کە ٣٨ هەزار و ٥٦١ کەسیان چاکبوونەتەوە، ٢٤ هەزار و ٣٦ یان ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان و دوو هەزار و ٢٢٦ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.