ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم، چه‌ند بڕیارێكى ده‌ركرد

دوا نوێکردنەوە: 2020-10-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه‌و تیایدا چه‌ند بڕیارێكى ده‌ركرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/10/21 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی کرد.

‏‎لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دا بە ئاستێکی مەترسیدار، کە هۆکارە سەرەکییەکەی پابەندنەبوونە بە ڕێکارەکانی خۆپاریزی و رێنمایی تەندروستی . سەرۆک وەزیران ، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکانی خۆپارێزیی و ڕێنمایی تەندروستی لە فەرمانگەکانی حکومەت و شوێنە گشتییەکان زیاتر لە بەرچاو بگرن و تووندتر بکەن ، بە تایبەتیش کە پێشبینی دەکرێ بە هۆی هاتنی وەرزی زستان و سەرما ، شەپۆلێکی دیکەی پەتای کۆرۆنا بڵاوببێتەوە .

ئەنجومەنی وەزیران وەزیری بازرگانی وپیشەسازی ڕاسپارد لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان ئاسانکاریی بۆ تۆماری لقی براندە نێودەوڵەتیەکان لە ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ھاندانی کەرتی تایبەتی بیانی تا بەشداری لە بووژاندنەوەی بازاڕ و ئابووری ھەرێمی کوردستان بکەن، دوور لە ڕووتین و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم تۆماری لقی کۆمپانیا باوەڕپێکراوە جیھانییەکان لە ھەرێم.

لە بڕگەی دووەمدا ، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت کێشە و گرفت و ئاستەنگەکانی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاری پێویست ڕاسپارد لەو بارەیەوە.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاو ، پێشنیارێکی خستەڕوو بۆ لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێک ماددەی سەرەتایی کە لە دەرەوەی ھەرێمەوە ھاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکالییەکان کە لەناوخۆدا بەرهەم نایەت، و ھەروەھا لێخۆشبوونی هاوردەکردنی ئامێری کشتوکاڵیی پێشکەوتوو لە ڕەسمی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا تایبەتمەندانەی کە ئامادەن ئەو ئامێرانە هاوردە بکەن و بە مەرجی ئاسان و بە شێوازی قیست بۆ جووتیارانی ڕاستەقینە دابین بکرێن.

دوای گفتوگۆ ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی ھێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، ڕەزامەندی دا لەسەر پێشنیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ پشتگیریی جووتیاران و پڕۆژە کشتوکاڵیەکان، لەم پێناوەشدا هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆی ڕاسپارد بە ھەماھەنگیی لەگەل وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کاری پێویست ئەنجام بدەن، لە ھەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، بە گرنگی زانی کە پشتیگریی پیشەسازی کشتوکاڵیی بکرێت و هانی کەرتی تایبەت بدرێت بۆ دامەزراندنی بەرھەمھێنانی ئەو پێداویستیانە لە ناو ھەرێم لە جیاتی هاوردەکردنیان، وەک بنەمایەک بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.