هەڵدانەوەی گۆرە بەکۆمەڵەکانی شنگال ده‌ستپێده‌كات

دوا نوێکردنەوە: 2020-10-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری حکوومەتی فیدرال، سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ هەڵدانەوەی ژمارەیەک لە گۆرە بە کۆمەڵەکانی شنگال.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، دوێنێ چوارشەممە شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گەیشتووەتە گوندی سۆراخ سەربە قەزای شنگال.

تیمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان سەربە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێشتر مەشقی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بینیوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە عێراق سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و ئامادەکاری پێویستن و بڕیار دراوە رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە دەست بکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

هەریەک لە نوێنەرانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق و پزشکی یاسایی لە بەغدا و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەی شەهیدان لە پارێزگای مووسڵ لە گوندی سۆراخ ئامادەبوون و لەئێستادا، ئامادەکاریی دەکرێت بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێک و دوای ئەوەش دەست دەکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕەکان.

پێشتر بە سێ قۆناغ ١٧ گۆڕ لە گوندی کۆجۆ کە ١١ گۆڕی بەکۆمەڵ بوون و شەش گۆڕیش تاکەکەسی بوون، هەڵدڕانەوە و لەم گوندە تەنیا دوو گۆڕی بە کۆمەڵ ماونەتەوە کە ئەگەر هەیە ئەوانیش لەم میانی ئەم پڕۆسەیەدا دەست بکرێت بە هەڵدانەوەی.

٢٣٦ رووفاتی ناو ئەو گۆڕ بەکۆمەڵانە نێردراوە بۆ پزیشکی دادیی لە بەغدا و تا ئێستا رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان نەکراونەتەوە.