هەولێر-KDP.info- دوای کۆبوونەوەیان لە کۆڕبەندی داڤۆس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەباشی کاریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی "جێی خۆشحاڵیمە کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کوردستاندام، ئێمە کاتێکی دیاریکراومان بۆ کۆبوونەوە هەیە. بۆ ماوەیەکی زۆرە دەمانەوێت یەکتر ببینین".
لەبارەی هێزەکانیان لە باکووری سووریا گوتی "ئێمە لە هەندێک ناوچەی سنووری سووریا دەرچووین، ئێمە زۆر بەباشی کارمان لەگەڵ تورکیا کردووە لەبارەی ئەو ناوچەیەی پێی دەگوترێت ناوچەی ئارام، من ئەوە بەرزدەنرخێنم کە تاوەکو دەکرێت ئەوێ سەلامەت بهێڵینەوە".
هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد و گوتی "ئێمە هاوبەشەێکی گرنگی یەکدین، سوپاس بۆ سەرکردایەتیت، سوپاس بۆ پشتیوانییەکانت، ئێمە بەیەکەوە داعشمان تێکشکاند، بەناوی گەلی کوردستانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆمان دەرببڕین بۆ سەرکردایەتی و بۆ پشتیوانییەکەت".
دەقی گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
زۆر سوپاس، جێی خۆشحاڵیمە کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کوردستاندام، ئێمە کاتێکی دیاریکراومان بۆ کۆبوونەوە هەیە. بۆ ماوەیەکی زۆرە دەمانەوێت یەکتر ببینین. وەک خۆتان دەزانن، ئێمە سوریامان لە ناوچە سنوورییەکان بەجێهێشتووە و ئەمەشمان بەباشی لەگەڵ تورکیا ئەنجامدا، هێندەش باش ئەنجامدراوە کە بەبیری هەر کەسێکدا هاتبێت. ئێستا ناوچەی ئارامیان هەیە و من پێزانینم بۆ هەموو ئەوانە هەیە وایانکردووە ئەم ناوچانە سەلامەت بن. ئێمە نەوتمان هەیە و هەندێک سەربازمان بۆ پاراستنی نەوتەکە بەجێهێشتووە، چونکە ئێمە نەوتەکەمان بەدەستهێناوە و کاریش لەسەر ئەمە دەکەین و زۆر بەباشی پاراستوومانە. هەروەها بە هەزاران دەستگیرکراوی داعشمان هەیە، خەلافەتی (داعشمان) 100% تێکشکاند، هەروەها ئەمە ناوچەیەکی زۆر جێگەی سەرنجە. ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە و جێی خۆشحاڵیمە کە لەگەڵ تۆم، زۆر سوپاس.
دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە تاوەکو سوپاست بکەم بەڕێز سەرۆک بۆ پێشوازیکردن لە ئێمە لە داڤۆس، وەک خۆشت باستکرد و تۆ دەزانی ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەم چرکە ساتە دەکەین. سوپاس بۆ سەرکردایەتیت، سوپاس بۆ پشتیوانییەکانت، ئێمە بەیەکەوە داعشمان تێکشکاند، بۆیە بەناوی گەلی کوردستانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانی خۆمان دەرببڕین بۆ سەرکردایەتی و بۆ پشتیوانییەکەت، سوپاس.
رووداو