هەولێر-KDP.info- بەھۆی گەشەکردنی کەرتی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ھەبوونی سەقامگیری، رێژەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیش دەڵێ، رۆژ بە رۆژ داواکاری تۆمارکردنی کۆمپانیا زیاتر پێشکەشی وەزارەت دەکرێت.
فەتحی محەمەد عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ژمارەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە و، رۆژانە داواکاری پێشکەش بە وەزارەت دەکرێت بۆ تۆماکردنی کۆمپانیا، هەروەها رۆژانە گۆڕانکاری بەسەر ژمارەی کۆمپانیاکاندا دێت و بەرەو ھەڵکشان دەچێت".
گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی گوتی: "بەپێی ئامارەکانی بەردەست وەزارەت، رێژەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە ساڵی ٢٠١٩ بەروارد بە ساڵی پێشتر ٢٠١٨، بە رێژەی٢٠% زیادی کردووە، ئەوەش رێژەیەکی باش و جێگەی بایەخە لە زیادبوونی کۆمپانیاکان".
فەتحی محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ساڵ بەساڵ چالاکی باشتر هەیە لە کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی دا، وەزارەتیش لە پلانیدایە ژمارەیەک یاسا ھەموار بکاتەوە، بە مەبەستی زیاتر بەرەو پێشبردنی رەوشی پیشەسازی و بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان.
قائید میرۆ