كه‌ركووك..گرژیی درووست بوو... خۆپیشانده‌ران: سته‌م له‌ كورد كراوه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

كه‌ركووك-KDP.info- ده‌رچووانی كۆلێژ له‌ پێكهاته‌ی كورد له‌ كه‌ركووك خۆپیشاندانێكیان له‌ دژی دامه‌زراندنی پێكهاته‌كان ساز كرد و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، سته‌م له‌ كورد كراوه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌میان دامه‌زراون له‌ چاو پێكهاته‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ده‌رچووان له‌ به‌رده‌م بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووك گردبوونه‌وه‌ و سه‌ره‌تاش گرژیی له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان درووست بوو. دواتریش خۆپیشانده‌ران بینای په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووكیان هێلكه‌باران كرد .

خۆپیشانده‌رێك له‌ ناو خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی ڕاگه‌یاند، كه‌ تا ئێستاش له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌مان به‌رده‌وامین و ئاماده‌نین تا جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كانمان شوێنه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، داواكاری ئێمه‌ی ده‌رچووان ئه‌وه‌یه‌، یان ژماره‌یه‌كی زیاتری كورد دابمه‌زرێنرێت وه‌كو پێكهاته‌كانی دیكه‌، یانیش فه‌رمانی دامه‌زراندنه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.