لەبەغداد هێزە ئەمنییەکان ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی دەکەن

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-24 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

سەرچاوەیەکی ئەمنی لەبەغداد رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ گیراوەتەبەر وەک ئامادەکارییەک بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی چاوەڕوانکراو.
هێزە ئەمنییەکان چەند رێگەیەکی سەرەکی پایتەختیان گرتوە بۆ رێگرتن لەهەر کارێکی نەخازراو

هاوکات ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان چەند رێگەیەکی سەرەکی پایتەختیان گرتوە بۆ رێگرتن لەهەر کارێکی نەخازراو.

ئەمڕۆ هەینی، لەسەر داوای موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدرو خاوەنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی خۆپیشاندانی ملیۆنی لەدژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق بەڕێوەدەچێت.

ئەمە لەکاتێکدایە سەرلەئێوارەی دوێنێ ( بەکاتی هەرێمی کوردستان) جەیمس جێفری دپلۆماتکارو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتی جیهانی دژی داعش لەعێراق و سوریا رایگەیاند، ئەوان بەفەرمانی پەرلەمانی عێراق نەهاتونەتە خاکی ئەو وڵاتە تا بەفەرمانی پەرلەمان هێزەکانیان پاشەکشە پێبکەن.

وتیشی، پاشەکشەکردنی هێزی سەربازی ئەمریکا لەعێراق پەیوەستە بە کۆمەڵێک پرسی ترەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق پێش هەربڕیارێک بیریان لێبکاتەوە، چونکە ئەمریکا دستبەرداری زۆر شتی تر دەبێت لەعێراق کە زیان بەعێراقییەکان دەگەیەنێت. 

ئەمە لەکاتێکدایە، خۆپیشاندەرانی دیکەی عێراق کەداوای چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی لەحکومەتدا دەکەن، ئەوانیش بەڵێنی خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەرییان داوە و داوایان لەهێزە ئەمنییەکان کردوە بیانپارێزن.