نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سكرێترى گشتیى یووئین كۆبوووه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-24 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

داڤۆس-KDP.info- بەرێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان،  ستایشى ئه‌رك و ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى له عێراق كرد و داواى كرد له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و هێوركردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ له‌ یارمه‌تیدانى عێراق به‌رده‌وام بێت، جه‌ختیشى له‌ پێویستیى به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش له‌ عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر كرده‌وه، هه‌روه‌ها پشتگیریى هه‌رێمى كوردستانى بۆ داواكاریى ڕه‌واى خۆپیشانده‌رانى عێراق له‌ خزمه‌تگوزارى و ژیان و ئاینده‌یه‌كى باشتر، ده‌ربڕى.

له‌ دوایین ڕۆژى به‌شداریكردنیدا له‌ كۆڕبه‌ندیى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ هه‌ینى، 24/1/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌نتۆتیۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆبوووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خۆپیشاندانه‌كان و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌، هه‌وڵدان بۆ هێوركردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان و ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌مباره‌یه‌وه‌، كار و چالاكییه‌كانى یووئێن و ده‌زگا و ئاژانسه‌كانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ئاواره‌كانى عێراق و په‌نابه‌رانى سووریا له‌ هه‌رێمى كوردستان و یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنیان، پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى عێراق، تاوتوێ كران.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و به‌رده‌وامیى گفتوگۆى نێوانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، دوایین پێشهاته‌كاته‌كانى ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ى تیرۆر و مه‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، ‌دۆخى ناوچه‌كانى زیانبه‌ركه‌وتووى شه‌ڕى داعش و چۆنیه‌تیى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان و چه‌ند بابه‌تێكى دیكه‌ى مایه‌ى بایه‌خى هه‌ردوولا، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.