بەرپرسێکی یەکێتی: تەنیا لە سلێمانی ٧٣ کاندیدی کۆنگرە کشاونەتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

”لە مەڵبەندەکانی دیکەش خەڵک کشاونەتەوە“

هەرچەندە هێشتا کۆنفرانسی مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە دەستی پێنەکردووە، دەیان کەس کە پێشتر خۆیان بۆ ئەندامێتیی کۆنگرە کاندید کردبوو، کشانەوە.

 

زوبێر عوسمان، سه‌رپه‌رشتیاری كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌ندی ١ی سلێمانی بە میدیای فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە کە لە سلێمانیدا ٤٣٨ کادیری یەکێتی خۆیان بۆ ئەندامێتیی کۆنگرە کاندید کردبوو، بەڵام ٧٣ کاندید کشاونەتەوە و ئێستا لە مەڵبەندی سلێمانی ٣٦٣ کاندید کێبڕکێ دەکەن.

 

لەلایەن خۆیەوە مه‌لا شێخه‌، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌کێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، هێشتا کۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌کان نه‌کراوه‌ و کشانەوەی کاندیدەکانی بە ”شتێکی ئاسایی“ لە قەڵەم دا.

 

باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر کەسانێک ببنە ئەندامی کۆنگرە و دواتر بکشێنەوە، ئەوکاتە ئاسایی نییە.

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاشکرای کرد کە بابەتی کشانەوەی کاندیدەکان هەر لە سلێمانی ڕووی نەداوە ”کە ٧٣ کاندید لە مەڵبەندی سلێمانی کشاونەتەوە“، بەڵکوو لە مەڵبەندەکانی دیکەش هەبووە.

 

تاوەکوو ئێستا بە ڕوونی نەزاندراوە ئاخۆ هۆکاری کشانەوەی ئەو دەیان کاندیدە لە کێبڕکێکان بۆ گەیشتن بە کورسیی کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیان چییە کە بڕیارە لە ٢١ی ١٢ی ٢٠١٩ ئەنجام بدرێت.

 

پێشتر بڕیار بوو لە ٧ی ١٢ی ٢٠١٩ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی ببەسترێت، بەڵام دواتر ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی رای گەیاند کە بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەکارییەکان، کۆنگرە دواخراوە. هەرچەندە پێشتر (باسنیوز) چەندانجار ئاماژەی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی یەکێتی و ئەگەری دواخستنی کۆنگرە کردبوو.