هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتی، وەزارەتی دارایی رەزامەندی داوە 827 مامۆستای وانەبێژ، كە وانە لە باخچەی ساوایان دەڵێنەوە، بگەڕێنەوە سەر كارەكانی خۆیان و كرێی وانەبێژیشیان بۆ خەرج دەكرێت.
ئەحمەد گەرمیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندیی دەربڕیوە كە 827 مامۆستای وانەبێژ، ئەوانەی لە باخچەی ساوایان وانە دەڵێنەوە، بگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانی خۆیان و بڕیار دراوە كرێی وانەبێژیشیان بۆ خەرج بكرێت.
گەرمیانی گوتیشی، ئەو مامۆستایانە سەرەڕای ئەوەی كە كرێی وانەبێژییان بۆ خەرج نەدەكرا، لە دەوامی خۆیان بەردەوام بوون، بەڵام لە ئێستادا بڕیار دراوە كە كرێیەكەیان بۆ خەرج بكرێت.
دەشڵێ، وەزیری پەروەردە هەوڵی زۆری دا تاوەكو رەزامەندیی وەرگرت، چونكە قۆناغەكانی باخچەی ساوایان گرنگیی زۆری هەیە و پێویستە بایەخی زیاتریشی پێ بدرێت.
بڵند ئیبراهیم