هەولێر-KDP.info-سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكوومەت چاوەڕێ دەكات سەرۆكی هەرێم یاسای چاكسازی پەسەند بكات، تا بزانێت چەند پارە دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە مووچەی خانەنشینی دیاری بكرێت، بەڵام سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ ئەوەدایە كە كەمترین مووچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار بێت.
ئەو سەرچاوەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هەر كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس بگەڕێتەوە، بڕیارە پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند بكات و كە پەسەندیشی كرد و لە رۆژنامەی فەرمی بەڵاو كرایەوە، لە ماوەی 90 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، هەركاتێك یاساكە بۆ حكوومەت گەڕایەوە، ئەو كات بۆ حكوومەت ڕوون دەبێتەوە بە هۆی ئەو یاسایەوە چەند پارە بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، كە ئەو كاتیش حكوومەت لەسەر ئەو بنەمایە مووچەی خانەنشینی دیاری دەكات.
دەشڵێ: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە كە هاوشێوەی بەغدا كەمترین مووچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار بێت، بەڵام تا بەرچاومان ڕوون نەبێت بزانین چەند پارەمان بۆ دەگەڕێتەوە ناتواندرێت بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت".
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد، رایەك لەناو پەرلەمان هەبوو، كە مووچەی خانەنشینی كەمترینی بكرێتە 300 هەزار دینار، بەڵام حكوومەت بەوە رازی نەبوو و نیازی وایە بیكات بە 400 هەزار دینار و ئەگەر توانا هەبێت، زیاتریش دەكرێت.
بڵند ئیبراهیم