لەناو بازاڕی سلێمانی چەند تۆمەتبارێك دەستگیرکران

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ رایگەیاند، لەدرێژەی كارو چالاكییە بەردەوامەكانی هێزەکانیان توانیویانە لەناو بازاڕی سلێمانی چەند تۆمەتبارێك دەستگیربکەن.

پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە درێژەی كارو چالاكییە بەردەوامەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لەمانگی‌ رابردودا بەشی‌ پۆلیسی‌ رێكاریی‌ سەر بە بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ژمارەیەك تۆمەتباری دەستگیرکردوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، شەش تۆمەتبار بەتۆمەتی‌ شەڕكردن لەناو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانیدا دەستگیرکراون، هەروەها تۆمەتبارێكی‌ نەوجەوان بەتۆمەتی‌ دزیكردن لەناو بازاڕو دەستگیرکراوە و دواتر رادەستی‌ هۆبەی پۆلیسی‌ نەوجەوانان کراوە.

پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشکردوە، لەلایەكی‌ دیکەوە بەشی‌ پۆلیسی‌ رێكاریی‌ دەستیگرتوە بەسەر 40 بڵندگۆدا كە ببوە هۆی‌ بێزاركردنی‌ هاوڵاتیان لەناو بازاڕداو رادەستی‌ قایمقامییەتی‌ قەزای‌ مەڵبەندی‌ سلێمانی‌ كراوە.