نووری حەمە عەلی: جموجۆڵەکانی داعش رۆژ بە رۆژ لە زیاد بووندایە

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ھەولێر-KDP.info-  بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، تیرۆرستانی داعش جموجۆڵەکانیان لە کەرکووک و ناوچەکانی دەورووبەری رۆژ بە دوای رۆژ لە زیاد بووندایە، جەختیشی لەوە کردەوە، لە میحوەرەکەی ئەواندا ھیچ جموجووڵێکیان نییە.

نووری حەمە عەلی، لە لێدوانێکدا به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانى راگەیاند: "تیرۆرستانی داعش لە کەرکووک، داقوق، حەویجە، رەشاد، زەیغەتوون و چەند شوێنێکی دیکە جموجۆڵەکانیان زیادی کردووە، هاوكات ھێزەکانی عێراقیش ئەو توانایەیان نیە بە تەواوی ببنە بەربەستی کارە تیرۆریستەکانیان".

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، دڵنیاییش دەداتە ھاووڵاتیانی کوردستان، بەو پێیەی تیرۆرستانی داعش بە ھیچ شێوەیەک لە سنوورەکانی ئەواندا جموجۆڵیان نیە و نەبیندراون، ھۆکاری ئەوەیشی بۆ بەھێزی و ئامادەباشی گیانبەخشینی پێشمەرگە قارەمانەکان گێڕایەوە، کە ھەمیشە گیان لەسەر دەستن لە پێناو پاراستنی ھەرێمی کوردستان و سەر و ماڵی ھاووڵاتیان.

حەمە عەلی، جەختیشی لەوە کردەوە، کە زۆر بەباشی ھێزەکانیان ئامادەن بە توندترین شێوە بەرپەرچی داعش بدەنەوە، لە کاتێکدا ئەگەر نیازیان بێت روو بکەنە سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە.

 

خێڵان بەختیار