گۆران بۆ KDP: لیژنەیه‌کی حه‌وت كه‌سی به‌ کارەکانی کۆنگرەی چوارده‌ هەڵدەستێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ کارەکانی کۆنگرەی چوارده‌هه‌می کە هەفتەی ڕابردوو بڕیاری لەسەر درابوو لەم ساڵدا ئەنجامبدرێت، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی پارتی‌ـیش دەڵێت، تەواوی کارەکانی کۆنگرە لیژنەیه‌ک پێی هەڵدەستێت، کە لە حەوت ئەندام پێکهاتووە.

په‌یوه‌ست به‌ هه‌نگاوه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی چوارده‌، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان خەسرۆ گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بڕیاردرا کە کۆنگرە ببەسترێت لەم ساڵدا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەک پێک هاتووە كه‌ لە ئێستادا لیژنەکە دەستی بەکارەکانی خۆی کردووە، بەڵام هیچ وادەیەک و کاتێک دیارینەکراوە، لیژنەکە تەواوی کارەکانی کۆنفرانس و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات."

گۆران دەشڵێت: "لیژنەکە لە چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی  پێکهاتووە کە چوار ئەندامی مەکتەبی سیاسییە و سێ ئەندامی لیژنەی مەرکەزییە."

۱٨ـی ۱ـی۲۰۲۰ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەرپەرشتی سەرۆک مەسعوود بارزانی کۆبووە و تێیدا بڕیاردرا لەم ساڵدا پارتی دیموكراتی كوردستان کۆنگرەی چواردەهەمی  ئەنجام بدات.

 

فایزە کۆیی