كەركووك-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، سبەی شاندێكی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و، بۆ چارەكردنی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ دەكرێت، چونكە دۆخی ئەو ناوچانە زۆر خراپە و تەعریب بەردەوامە.
دیاری حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە هەموو روویەكەوە خراپە، بە تایبەت بۆ كورد، چونكە تەعریب بەردەوامە و ستەمێكی زۆر لە كورد دەكرێت، هەروەها بە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعشیشەوە، دۆخی ئەمنی زۆر تێكچووە، بۆیە پێویستە هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا چارەیەك بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە.
حوسێن گوتیشی، سبەی شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە هەمان شاندی پێشووی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و لە چەند ئەندامێك پێك هاتووە، لەوانە د. ئومێد سەباح و خالید شوانی و چەند ئەندامێكی دیكە، سەردانی بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكەن.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دەشڵێ، راستە حكوومەتی عێراق كاربەڕێكەرە، بەڵام دادگاكان كاری خۆیان دەكەن و دەكرێ هەموو پرسەكان لە رێگەی دادگاوە یەكلا بكرێنەوە.
بڵند ئیبراهیم