خەندان-
بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لە ئێستادا خواستی هاوڵاتیان بۆ کارەبای نیشتیمانی شەش هەزار میگاواتە، بەڵام رێژەی بەرهەمهێنان سێ هەزار میگاواتە بەو هۆکارەش پێدانی کارەبای نیشتیمانی بۆ هەشت کاتژمێر لە رۆژێکدا کەمبوەتەوە.
سالار حسامەدین، بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە "سیمپۆزیەمی دۆخی کارەبا و تەکنۆلۆجیای پێوەری زیرەک" لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر خواست بەو شێوازەی ئیستا زیاد بکات و پێدانی کارەبا بۆ حەوت کاتژمێر کەمبێتەوە، "ناتوانین هیچ کارەبا بەهاوڵاتیان بدەین بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها دەدرێت بە گرتوخانە و نەخۆشخانە و شوێنە پێویستەکان".
لە ئێستادا بە کارەبای نیشتیمانی و مۆلیدەی ئەهلیشەوە تەنها 18 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت
هۆکاری کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەیەکی زۆری خواستی هاوڵاتیان لەسەر کارەبای نیشتیمانی
لەبارەی پلانی وەزارەت بۆ پێدانی کارەبای نیشتیمانی لە وەزری سەرمادا، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کارەبا ئاشکرایکرد، "ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێش و هاوڵاتیان لە دەستگرتن بە کارەبای نیشتیمانییەوە هاوکاربن پلانی وەزارەت ئەوەیە رۆژانە 13 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی لە وەرزی زستاندا بدرێت بە هاوڵاتیان".
ساڵانە لەگەڵ سەرەتای وەرزی سەرمادا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبنەوە، حکومەتیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات دەستبەکارەبای نیشتیمانییەوە بگرن
لە لایەکی تریشەوە حکومەتی هەرێم لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا تەنها یەک بەرمیل نەوتی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکردوە، بەو هۆکارەش خواست لەسەر کارەبا وەکو هۆکاری گەرمکردنەوە زیادیکردوە.