سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-27 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە 2020/1/27 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد كە پێکهاتبوو لە پەرلەمانتاران مارکوس گروبەل و یورگن هاردت ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا.

لە دیدارەکەدا، کە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دڵشاد بارزانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا و باربارا ڤۆلف کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی دوا پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد بۆ دەستپێکردنەوەی ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە. جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی  هاوپەیمانان کرد لە پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەتایبەتیش کە داعش هێشتا مەترسییەکی جیددییە لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا.

شاندی ئەڵمانی ئاماژەیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان کرد کە فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیرییە لە عێراق و ناوچەکەدا، ئامادەیی وڵاتەکەشیان دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری گەشەپێدانی بازرگانی و وەبەرهێناندا.