هەولێر-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا دەكەن و ھەموو كەسێك دەگرێتەوە و ھیچ كەس پارێزبەندی لەسەر نییە.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا بەردەوامە و بڕیاریانداوە لە سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا دەكەن، بۆ ئەم مەبەستەش قسەیان لەگەڵ ھەموو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان كردووە.
گوتیشی: "بڕینی كارەبای زێدەڕۆ ھەموو كەس دەگرێتەوە و ھیچ كەسێك پارێزبەندی لەسەر نییە".
پارێزگاری ھەولێر ئەوەشی خستەروو: "ئێستا 20% كارەبای ھەولێر دەدزرێت".
لەبارەی كێشەی كەمبوونەوەی رێژەی غازی ماڵان لە ھەولێر فرسەت سۆفی رایگەیاند: "ھیچ شتێك بەناوی قەیرانی غاز لە ھەولێر نییە، بەڵكو كێشەیەك ھەیە لە گواستنەوەی غاز لەنێوان دوو كۆمپانیا، بۆ ئەمەش جەخت لەو كۆمپانیایانە دەكەینەوە كە كێشەكەیان چارەسەر بكەن و دڵنیایی دەدەینە خەڵك كە لە ئایندەیەكی نزیكدا كێشەی كەمی غاز چارەسەر دەكرێت".
فایزه كۆیی