نوێنەری جووەکان: کوردستان نموونەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە بۆ پێکەوەژیان

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-27 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info - نوێنەری جووەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند، ڕاستە ژمارەی جووەکان لە کوردستان کەمە، بەڵام هەرێمی کوردستان گرنگییەکی گەورە بە هەموو پێکهاتە ئاینییەکان دەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٧ی ١، یادی کۆمەڵکوژیی جووەکانە، کە نازییەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤١ تا ١٩٤٥ نزیکەی ٦ ملیۆن جوویان کۆمەڵکوژ کرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ ساڵیادی کۆمەڵکوژیی جووەکان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: "ڕۆژی بیرەوەریی هۆڵۆکۆست، ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە مرۆڤایەتی کاری زۆری کردووە بۆ وەستاندنی جینۆساید و بیرکردنەوە لە قوربانییەکانی. بەداخەوە ڕێگایەکی درێژترمان لەپێشە تاوەکو خەڵکی بەئامانجکراو لە سەرتاسەری جیهان لە جینۆساید بپارێزرێن".

شێرکۆ عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "تا ئێستا ئامارێکی فەرمیمان نییە، کە بزانین ژمارەی جووەکان لە هەرێمی کوردستان چەندە، بەڵام ژمارەیەکی کەم هەن."

ناوبراو گوتی: 'لە ڕۆژهەلاتی ناویندا هەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوان و پێشەنگە لە هەموو بوارەکاندا و بە شێوەیەکی گشتی کوردستان لە بواری پێکەوەژیاندا پێشەنگ و یەکەمە."

کاروان باعەدری