خەندان هەڵوێستی لایەنەکانی هەرێم لەبارەی وتارەکەی مەسرور بارزانی ئاشکرا دەکات

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

لایەنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەندان ئاشکرا دەکەن و رایدەگەیەنن، هەرچەندە حکومەت ژمارەیەک هەنگاوی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی هاوڵاتیان دەستپێکردوە، بەڵام پێویست دەکات هەنگاوی "جدیتر" بۆ پرسی چاکسازی و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی بگرێتەبەر.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەوی رابردو بەرنامەی 100 رۆژی سەرەتای دەستبەکاربونی حکومەتەکەی بڵاوکردەوە، رایگەیاند، زیاتر به‌دواداچون بۆ خه‌رجیه‌ گشتیه‌كان دەکەن و "پڕۆسه‌یه‌كی شه‌فافیان له‌داهاتی سامانه‌ سروشتیه‌كان ده‌ستپێكردوه‌"، هاوڵاتیانیش ده‌توانن بزانن داهاتی کوردستان چەندە.

لە بارەی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەندان هەوڵوێستی لایەنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوی ئیسلامی بڵاودەکاتەوە.

پارتی: دەرفەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێت بۆ ئەوەی بکەوێتەسەرپێ

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی وتارەکەی مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێت، "نزیکەی شەش مانگە حکومەت متمانەی لە پەرلەمان وەرگرتوە و ئەوان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان رێککەوتون، کە دەرفەت بە حکومەتی هەرێم بدرێت بۆ ئەوەی حکومەت بکەوێتەسەرپێ، لەئێستاشدا پڕۆژەیاسای چاکسازی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تەواو کراوە و رۆژی چوارشەممە دەنگی لەسەر دەدرێت".

گرنگترین بەشی وتاری سەرۆکی حکومەت ئەوە بو کە پەیوەستە بە زیادکردنی داهاتی ناوخۆ

 

هێڤیدار ئەحمەد بە خەندان-ی راگەیاند، گرنگترین بەشی وتاری سەرۆکی حکومەت ئەوە بو کە پەیوەستە بە زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، بەتایبەت وەرگرتنی باج لەو کەس و لایەنانەی کە بە هەر هۆکارێک بوە خۆیان لە باج دزیوەتەوە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە حکومەت بە کرداری روبەڕوی گەندەڵی بوەتەوە و لە کۆمپانیا و کەسانەی خۆشنابێت کە خۆیان لە پێدانی باج دزیوەتەوە، بەوەش داهاتی ناوخۆ بۆ نزیکەی 300  ملیار دینار لە مانگێکدا بەرزدەبێتەوە.

سەبارەت بە کاریگەری پرۆژەیاسای چاکسازیش لەسەر باشبونی دۆخی دارایی حکومەت، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی رونیکردەوە، "پرۆژەیاسای چاکسازی کاریگەرییەکی زۆری دەبێت چونکە پەیوەیستە بە گۆڕانکاریکردن و چاکسازی لە موچەدا کە %70ی کۆی دهاتی هەرێم بۆ موچە دەڕوات و ناعەدالەتییەکی یەکجار زۆر و گەندەڵی و بندیواری زۆریش هەیە و پەرلەمان هەوڵی سەرخستنی ئەو پرۆژەیە دەدات".

یەکێتی: شەفافبونی داهات پەیوەست نیە بەوەی سەرۆکی حکومەت چی وتوە، بەڵکو پەیوەستە بە کردەوەوە

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی 100  رۆژی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم وهەڵسەنگاندنی ئەوان بۆ ئەدای دەڵێت، "حکومەتی هەرێم لەسەرەتای دەستبەکاربونی کە پرسی چاکسازی و چاکردنی بژێوی خەڵکی کردوەتە بناغەی کارکردنی رەنگە ئەو هەنگاوانەی لەو 100 رۆژدا کاری بۆ کردوە رەنگە بتوانرێت لەو ماوەیەدا تەنها بناغەیەک دابنرێت بۆ ئەم پرۆسەیە، لایەنی دڵخۆشکەر ئەوەیە کە پرۆسەکە دەستی پێکردوە، بەڵام لەوەی هەیە دەبێت بە جدیتر وەربگیرێت".

شەفافبونی داهات پەیوەست نیە بەوەی سەرۆکی حکومەت چی وتوە، بەڵکو پێویستە بە کردەوە ئەو بابەتە بسەلمێنرێت

 

ئەسەسەرد بۆ خەندان دواو باسی لەوەکرد، شەفافبونی داهات پەیوەست نیە بەوەی سەرۆکی حکومەت چی وتوە، بەڵکو پێویستە بە کردەوە ئەو بابەتە بسەلمێنرێت، "من ناتوانم لەوە دڵنیابم کە ئەوەی دەوترێت لە بارەی شەفافیەتەوە لە واقیعدا وایە".

سەبارەت بە بەرنامەی حوکمەتیش بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئەسەسەرد رونیکردەوە، "پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای نەوت رێکدەخرێتەوە ئەگەر کوردستان بتوانێت پەیوەندییەکی تەندورست لەوبارەیەوە بگرێتەبەر و کاریگەری باشی لەسەر پەیوەندییەکان دەبێت، بەڵام ئەگەر حکومەتی هەرێم وەکو کابینەی پێشو پابەند نەبێت بە یاسای بودجە و 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستنەکات کێشەکانی کە توشی کابینەی هەشت بون دوبارە دەبێتەوە و کاریگەری خراپتری لەسەر ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەت پرسی موچە".

گۆڕان: کاری حکومەت لەو ماوەیەدا لە ئاستی پێشبینییەکانی ئێمەدا نەبوە

شیرن ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە هانی بزوتنەوەی گۆڕانی داوە بەشداری حکومەت بکات پەیوەستە بە پرسی چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵی، بەڵام کاری حکومەت لەو ماوەیەدا لە ئاستی پێشبینییەکانی ئێمەدا نەبوە، بۆ نمونە یەکێک لە پرسەکانی بابەتی پڕۆژەیاسای چاکسازییە کە دەبوایە لە دەرفەتێکی زۆر نزیکدا پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمان کرابوایە و ئێستا بەرکار بوایە".

دەشڵێت، "دەبوایە حکومەت جیاوازتر لە ساڵانی رابردودا هەنگاوی بهاویژتایە و هەنگاوە کردارییەکانی لە بواری چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵیدا زیاتر بوایە".

سەبارەت بە پرسی داهاتەکان و شەفاف بونی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتی، "وەکو سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێم لە کاتێکدا حکومەت باسی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەکات تا ئێستا نەمانبینیوە هیچ بەرپرسێک لەسەر گەندەڵی درابێتە دادگا، بە بەڵگەوە لامە کە هەندێک مەلەف بە مەبەست چاوپۆشی لێکراوە و هەوڵی ونکردنی دراوە".

ئەگەر حکومەت بەڕاستی خزمەتکاری گەل بێت پێویستە دو هەنگاوی کرداری دەستپێبکات

 

شیرین ئەمین باس لەوەشدەکات، "ئەگەر حکومەت بەڕاستی خزمەتکاری گەل بێت پێویستە دو هەنگاوی کرداری دەستپێبکات، یەکەمیان روبەڕوبونەوەی گەندەڵی بە کردار چونکە ئێمە چەندین دۆسیەمان داوەتە دادگا و رێگریمان لێکراوە، هەنگاوی دوەمیش پرسە چاکسازییەکەیە تائێستا بە کردار هەنگاوی بۆ نەنراوە و شەفافیەتی حوکمەتیش لە داهات و خەرجیدا نابینرێت، تا کەی داهاتی خاڵە سنورییەکان کۆنتڕۆڵناکرێت چونکە پاشاگەردانیەکی زۆر خراپ لە خاڵە سنورییەکاندا هەیە و پێویست دەکات حکومەت ئەگەر خۆی بە حکومەتی چاکساز دەزانێت چاکسازیکردن لەو خاڵانەدا بە کرداری لە کارەکانیدا رەنگبداتەوە".

نەوەی نوێ: داهاتی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم سێکتەرەکاندا ناڕونی زیاتری پێوەدەیارە

پەیوەست بە هەڵسەنگاندنی ئەدای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانی نەوەی نوێ زۆرترین رەخنەیان لە حکومەت و سیستەمی بەڕێوبردنی کوردستاندا هەیە، پێشتریش بەرپرسانی ئەو جوڵانەوەیە پێش هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەکە هەرزو رایانگەیاند، کە بەشداری لە کابینەکە ناکەن.

داهاتی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم سێکتەرەکاندا ناڕونی زیاتری پێوەدەیارە، هاوکات گەندەڵی لە نێو دامودەزگا فەرمییەکانیشدا زیاتر بوە

 

سیپان ئامێدی، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "لە ماوەی 100 رۆژی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی حکومەت باسی کارەکانی کرد بەبڕوای ئێمە لەو ماوەیەدا بۆ نمونە کارەبای نیشتیمانی هاوڵاتیان بە بەراورد بە سەرەتای کابینەکە کەمتربوەتەوە، هەروەها داهاتی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم سێکتەرەکاندا ناڕونی زیاتری پێوەدەیارە، هاوکات گەندەڵی لە نێو دامودەزگا فەرمییەکانیشدا زیاتر بوە".

سەبارەت بە پرسی چاکسازی لە نێوان دەزگاکانی حکومەتدا ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، "بەداخەوە لە ماوەی 100 رۆژی کابینەی حکومەتدا موچەی فەرمانبەران زۆتر دواکەوتوە، دو ئیدارەیی بەشێوەیەکی زەقتر دەبینرێت و حزبەکان زیاتر بەسەر حکومەتدا باڵادەست بون و بڕیارەکانیش تاکڕەوانەتر دەدرێن، لەسەر هەمو ئەوانەشەوە رێژەی بێ کاری لەناو گەنجانی هەرێمی کوردستاندا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردوە".

سەبارەت بە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمیش رێکخستنەوەی داهات و باج ئامێدی وتی، "بڕیارەکانی حکومەت تەنها بڕیاری سەر کاغەزن".

کۆمەڵ:  شەفاف بونمان لە داهاتی هەرێمدا بە هەمو سێکتەرەکانیەوە نەدیوە

روپاک ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی 100 رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم دەڵێت، "لە ماوەی 100 رۆژی کابینەی حکومەتی هەرێمدا و پەیوەست بە پرسی شەفافیەتی دارایی ئێمە وەکو پەرلەمانتار شەفاف بونمان لە داهاتی هەرێمدا بە هەمو سێکتەرەکانیەوە نەدیوە، ئەوەی دەوترێت چاکسازی لە زیادکردنی باجدا دەکرێت، ئەوە زیادکردنی بارگرانیە لەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت لە کاتێکدا هەمو کۆمپانیایەکی گەورە ئەگەر بەرپرسێکی باڵا لە پشتییەوە بێت لە هەمو باجێک بەخشراوە، ئێمە بەدواداچونمان کردوە بۆ پرسی داهات و پرسیارمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردوە بەڵام هیچ بەرچاو رونییەکمان لەو بارەیەوە نەدراوەتێ".

باج و رسومات زیادیکردوە، بەڵام داهات زیادینەکردوە، پرۆژەی چاکسازیش کە حکومەت بڕیارە رەوانەی بکات چاکسازییە کە خەرجی نەک لە داهات، لە کاتێکدا کە چاکسازی دەکرێت پێویستە یەکەمجار کە باشترکردنی داهاتەوە دەستپێبکرێت

 

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ خەندان-ی رونکردەوە، "باج و رسومات زیادیکردوە، بەڵام داهات زیادینەکردوە، پرۆژەی چاکسازیش کە حکومەت بڕیارە رەوانەی بکات چاکسازییە کە خەرجی نەک لە داهات، لە کاتێکدا کە چاکسازی دەکرێت پێویستە یەکەمجار کە باشترکردنی داهاتەوە دەستپێبکرێت و دواتر چاکسازییەکە خەرجیش بگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر پرۆژە یاسایەک بێتە پەرلەمان و ئامانجی چاکسازی بێت ئێمە لەگەڵیداین، پرۆژەیاسای چاکسازی لەبەر ناکۆکی لایەنەکانی دەسەڵات لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان نەکراوە و لەمپەڕی بۆ دروستدەکرێت".

یەکگرتو: لەکاتی لێکۆڵینەوە، وردبینیکردنی داهات و خەرجی رێگری لە چاودێری دارایی کراوە

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئەوان بۆ 100 رۆژ لە تەمەنی کابینەی حکومەت رایدەگەیەنێت، "دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بە نوسراوی فەڕمی پێی راگەیاندون کە لەکاتی لێکۆڵینەوە و وردبینی کردنی داهات و خەرجیی وەزارەتەکاندا رێگریمان لێکراوە، بەتایبەت لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە رێگنەدراوە لێکۆڵینەوە لە گرێبەستە نەوتییەکان و داهات و خەرجییەکانی سامانە سروشتییەکان بکڕێت".

شێرکۆ جەودەت بە خەندان-ی وت، "ئەو نوسراوەی چاودێری دارایی کە لایەنی بەرپرسە لە لێکۆڵینەوە لە داهاتەکانی هەرێم خۆی بەڵگەیە و وەڵامی وتارەکەی سەرۆکی حکومەت لە بارەی شەفافتربونی حکومەت لە داهات و خەرجییەکاندا دەداتەوە".

پێنج ساڵە یاسای بودجەی هەرێم نەهاتوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و کەس نازانێت داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چ یاسا و رێنماییەک خەرج دەکرێت

 

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕو، "پێنج ساڵە یاسای بودجەی هەرێم نەهاتوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و کەس نازانێت داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چ یاسا و رێنماییەک خەرج دەکرێت و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان شەفاف نیە، زۆرێک لە بازگە گومرگییەکانی هەرێم بەدەر لە کوالیتی کۆنتڕۆڵ و سیستەمی گومرگی و بە پاڵپشتی خەڵکی دەستڕۆشتو و بە قافڵە و ترێلە و بارهەڵگر دەکەنە ژورەوە، کەس نازانێت چی تێدایە بە بەرچاوی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانەوە کار دەکەن و باش ئاگایان لێیەتی".

شێرکۆ جەودەت ئەوەشی خستەڕو، دەبوایە لەو 100 رۆژەی کارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەو دەزگایانەی پەیوەستن بە لێکۆڵینەوەی لە داهات و خەرجییەکان "چالاک کرابونایە".