سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-27 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2020/1/27 مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتی یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئابووری هه‌رێمی كوردستانی كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و میكانیزمی پێویست بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری تاوتوێ كرا.

سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختی له‌ گرنگی داڕشتنی سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی زانستی كرده‌وه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری له‌ رێگه‌ی زیادكردنی داهات به‌ ئاراسته‌ی رێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كان و رێگه‌گرتن له‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌ ناپێویسته‌كان.

سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م كرد، كه‌ ئامانجێكی له‌ پێشینه‌ی هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و هاندان و پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری پێویسته ‌بۆ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ناوخۆیی و بیانییه‌كان و ، ره‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارتره‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ گشت كه‌رته‌كاندا و ، گرنگیدان ‌به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ به‌رووبووم و به‌رهه‌می ناوخۆیی.