"سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار کرا کە پێشمەرگەکەی پارتیان لە خورماتوو شەھید کرد"

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-28 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

خورماتوو -KDP.info-  شەھیدکردنی پێشمەرگەیەکی پارتی لە قەزای خورماتوو ترس و دڵەڕاوکێی لای کوردانی خورماتوو دروست کردووە و بەرپرسێکی پارتی لە قەزاکە دەڵێ، سکاڵایان تۆمار کردووە و ھەموو ھەوڵێک بۆ ئاشکراکردنی ئەو دەستە چەپەڵە دەدەن.

ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دادگا سکاڵامان تۆمار کردووە لەسەر ئەو کەسانەی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا پێشمەرگەیەکی پارتییان لە قەزای خورماتوو شەھید کرد، بەڵام بە بیانووی نەبوونی کارەبا و کارنەکردنی کامێراکانی چاودێرییەوە بەجیددی کار لەسەر ئاشکراکردنی بکوژانی پێشمەرگەکەی پارتیمان نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ئەو کەسانە."

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "دوای شەھیدکردنی پێشمەرگەکەی پارتی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی خورماتوودا بڵاو بووەتەوە، چونکە ئەمە جاری یەکەم نییە کورد کە لە لایەن چەکدارانی نەناسراوەوە دەکرێتە ئامانج."

ئەرسەلان عەلی جەختی کردەوە: "بەداخەوە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کورد دەسەڵاتی لە سنووری قەزای خورماتوو نەماوە و بەردەوامیش زۆڵم لە ھاووڵاتیانی کورد دەکرێت، چونکە نەبوونی دەسەڵاتی کوردی لەو سنوورە ھۆکارە بۆ ئەوەی کورد بە ئامانج بگیرێت و نەتوانن وەک پێویست بەرگری لە خۆیان بکەن."

قائید میرۆ