سەوسەن گەردی: دابەشکردنی ھاوکاری بۆ خانەوادەی شەھیدان بەردەوام دەبێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-28 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک ڕاگیرابوو، دابەشکردنی ھاوکاریی پێنج ملیۆن دیناری بۆ خانەوادەی شەھیدانی شەڕی داعش دەستی پێ کردووەتەوە و سەرۆکی لیژنەی شەھیدانیش ئاشکرای کرد، ھاوکاریکردنی خانەوادەی شەھیدان بەردەوام دەبێت.

سەوسەن گەردی، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێشتا لیستی شەھیدانی شەڕی داعش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و کاروباری شەھیداندا یەکلا نەکراوەتەوە، ھۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەگەر لیستی ناوی شەھیدان بگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی شەھیدان، مووچەکانیان کەمتر دەبێت لەو مووچەیەی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وارسی شەھید دابین کراوە."

دەربارەی پێدانی مینحەی پێنج ملیۆن دیناری، سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت: "بڕیاری دابەشکردنی پێنج ملیۆن دینار بۆ خانەوادەی شەھیدانی شەڕی داعش جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ماوەیەک بەھۆی نەبوونی پارەوە ڕاگیرابوو، ئێستا حکوومەت پارەیەکی باشی بۆ خەرج کردوون و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت."

گەردی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەتا یەک خانەوادە مابێت دابەشکردنی ھاوکارییەکەی حکوومەت بەردەوام دەبێت، لە ھەوڵداین زۆرترین خزمەت و ھاوکاری پێشکەش بە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان بکەین، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش درێغی ناکات و لە ھەموو ڕوویەکەوە ھاوکاریان دەبێت."

قائید میرۆ