"بەهێزبە وهان "وێنە و ڤیدیۆ.. دانیشتوانی وهان لە پەنجەرەی ماڵەكانیانەوە هاواردەكەن و ورە دەدەنە یەكدی

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-28 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

لەگەڵ بەرزبونەوەی رێژەی توشبوان و ئەو توشبوانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوە لە شاری وهان-ی چین گیانیانلەدەستدەدەن، دانیشتوانی ئەو شارە بە ناچاری لە ماڵەكانی خۆیاندا دەمێننەوە و بە تەواوی شەقامەكانیان چۆڵكردوە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە.

ڤایرۆسی وهان لە سەرەتا و دەستپێكی ساڵی نوێی چینیەكاندا لەو وڵاتە سەریهەڵدا و بەهۆیەوە سەرجەم ئاهەنگەكانی تایبەت بەو بۆنەیە هەڵوەشێندراوەتەوە و ناوەندەكانی خوێندن بۆ كاتێكی نادیار داخران، خەڵكی شاری وهان-یش بەهۆی بەربڵاوی ڤایرۆسەكە لە شارەكەیاندا بە ناچاری لە ماڵەكانیاندا دەمێننەوە.

بە مەبەستی ورەبەخشین بە یەكدی و شارەكەیان، دانیشتوانی وهان لە پەنجەرەی ماڵەكانیانەوە هاواردەكەن


لەنێو خامۆشی شەقامەكاندا، بە مەبەستی ورەبەخشین بە یەكدی و شارەكەیان، دانیشتوانی وهان لە پەنجەرەی ماڵەكانیانەوە هاواردەكەن "بەهێز بمێنەرەوە وهان"، بەشێكی دیكەش لە پیشەوەران هەوڵدەدەن لە رێگەی پیشەكانیانەوە هاوكاری دۆخەكە بكەن.

گرتە ڤیدیۆییەكە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوبوەتەوە و پاش ئەوەی كەسێك هاواردەكان "وهان بە بەهێزی بمێنەرەوە" دانیشتوانی یەكەكانی نیشتەجێبون لەو نزیكە هەمان رستە دوبارەدەكەنەوە و بە دەنگیان پشتیوانی لە یەكدی و شارەكەیان دەكەن.


200 بۆكس خوانی نیوەڕۆی بۆ كارمەندانی تەندروستی ئامادەكرد
خاوەنی رێستۆرانتێك لە وهان، كە لەمداوییانەدا خوادنگەكەی كردوەتەوە، سەری ساڵی چینی بە ئامادەكردنی خواردن بۆ كارمەندانی تەندروستی شارەكەی بردەسەر.
لی بۆ، تەنها مانگێكە رێستۆرانتێكی لە شارەكەدا كردوەتەوە و لەپێناو ئەوەشدا ئۆتۆمبێلەكەی فرۆشتوە و قەرزیشی كردوە، بەڵام پێش ئەوەی ئەو گەنجە 36 ساڵە لە خەیاڵی بەدەستهێنانەوەی قازانجەكەیدا بێت، خۆنەویستانە بێ بەرامبەر خوانی نیوەڕی بۆ كارمەندانی تەندروستی ئامادەكرد.
15 هەزار ماسكی خۆپاراستنی بەخشیەوە
مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرتاسەری چین بڵاوبوەتەوە و سەرجەمیان رێنماییدەكرێن بە بەكارهێنانی ماسكی تایبەت تا لە ڤایرۆسەكە بەدوربن.

ماسكی خۆپاراستن هێندە بوەتە بابەتێكی گرنگ، تەنانەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی چین هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بە تەنزەوە ئاماژە بەوەدەكەن "لەبری دیاری سەری ساڵی چینی، ماسك-یان دەوێت".

نرخی ئەو ماسكانە دو هەزار و 883 دۆلارە

بەو هۆیەوە، هاوڵاتی گوندێك لە گوندەكانی چین بڕیاریدا بە بەخشینەوەی 15 هەزار ماسك، ئەو هاوڵاتیە كە ناوی هاو جین-ە، ساڵی رابردو لە  كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردنی ماسك كاریكردوە و پاشان لە كارەكەی دوركەوتوەتەوە بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكە نەیتوانیوە موچەی مانگانەی بداتێ، لەبری موچەكەی 15 هەزار ماسكی پێبەخشیوە و نرخی ئەو ماسكانە دو هەزار و 883 دۆلارە، بەڵام ئەو هاوڵاتیە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ بەخشینی سەرجەمیان بێبەرامبەر.

لە 31ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردودا، رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە یەكەمین حاڵەتی گومانلێكراوی توشبو بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی ئاگاداركراوەیەوە، ئەو ڤایرۆسەی كە ناوەكەی (nCoV-2019)ە.

یەكەمین هەنگاوی هەڵگرتنی ڤایرۆسەكە لە بازاڕی هوانان بو، كە تایبەتە بە خۆراكە دەریاییەكان و دەكەوێتە شاری وهان لە چین، دواتریش ڤایرۆسەكە گەیشتە تایلاند، تۆكیۆ لە ژاپۆن، سیۆل لە كۆریای باشور و دواتریش لە شارەكانی پەكین و شانگهای و گوانگدۆنگ لە چین، پاشان لە هەرێمی هۆنگ كۆنگ و وڵاتانی ڤیێتنام و سەنگاپور حاڵەتەكانی توشبون تۆماركرا.

دوای تێپەڕبونی چەند رۆژێك ،ڤایرۆسەكە گەیشتە وڵاتانی ئەوروپی وەك فڕەنسا، ئوسترالیا و ئەڵمانیا، لە ئێستاشدا لە هەریەك لە وڵاتانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و كامبۆدیا و مالیزیا و تایوان و سریلانكا حاڵەتی توشبون راگەیەندراوە.