توركیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی "رێککەوتننامەی سەدە" راگەیاند

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-29 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

وەزارەتى دەرەوەى توركیا رایگەیاند، پلانی بەناو ئاشتی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخی فەڵەستین- ئیسرائیل "پلانێکی مردووە."، دەشڵێت، "گەل و خاکی فەڵەستین بە پارە ناکڕدرێت".

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پلانی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل راگەیاند، کە لە ژێر ناوی "رێککەوتننامەی سەدە" بڵاویکردەوە.

ئەو پلانە، پلانێکی داگیرکارییە کە تێدا مەبەست دەستبەسەرداگرتنی خاکی فەڵەستین و کوشتنی چارەسەریی دو دەوڵەتییە، گەل و خاکی فەڵەستین بە پارە ناکڕدرێت

 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "ئەو پلانە، پلانێکی داگیرکارییە کە تێدا مەبەست دەستبەسەرداگرتنی خاکی فەڵەستین و کوشتنی چارەسەریی دو دەوڵەتییە، گەل و خاکی فەڵەستین بە پارە ناکڕدرێت".
قودس ھێڵی سوری تورکیایە، بەناو پلانی ئاشتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا، ھەر بە مردویی لە دایکبوە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "قودس ھێڵی سوری تورکیایە، بەناو پلانی ئاشتی (رۆژھەڵاتی ناوەڕاست)ی ئەمریکا، ھەر بە مردویی لە دایکبوە، رێگە بەو ھەنگاوانە نادەین کە بە ئاڕاستەی ڕەواکردنی داگیرکاریی و ستەمی ئیسرائل دان".

بەپێی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، قودس وەک پایتەختی "بەشنەکراو"ی ئیسرائیل قبوڵدەکرێت، جەختی لەوەشکردەوە، پلانەکە دوایین دەرفەتە بۆ فەڵەستینییەکان.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ بینیامین نەتانیاھو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی تاکلایەنە، پلانی ئاشتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی بۆ رایگشتیی ئاشکراکرد.

ترەمپ تیشکی خستەسەر ئەوەی بەناو پلانەکە لە 80 لاپەڕە پێکھاتوە و جەختی لەوەکردەوە ماددەی زۆر بە نرخ لەخۆدەگرێت بۆ ئیسرائیل و لایەنی فەڵەستینیش.