حكوومەتی هەرێم هەزار پڕۆژە ڕادەگەیەنێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-29 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەرێوەبەری یاسا و راگەیاندن لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پلانی سەرجەم وەزارەتەكانمان بەدەست گەیشتووە بۆ ئەنجامدانی هەزار پڕۆژە. دەشڵێ، دوێنێ رامانگەیاندووە كە هەر وەبەرهێنەرێك ئارەزووی هەیە ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بكات، دەتوانێ داواكاری پێشكەش بكات.

موخلیس سەلیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پلانی سەرجەم وەزارەتەكانیان پێگەیشتووە بۆ ئەنجامدانی  پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كە پڕۆژەی جۆراوجۆرن و ژمارەیان هەزار پڕۆژەیە.

سەلیم گوتیشی: "ئێمە لە دوێنێوە ئەو هەزار پڕۆژەیەمان ڕاگەیاندووە كە وەبەرهێنەر و سەرمایەداران دەتوانن بێن داواكاری پێشكەش بكەن و ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بكەن، پڕۆژەكانیش دەدرێنە كەرتی تایبەت و بە هاوبەشی لەگەڵ حكوومەت جێبەجێ دەكرێن".

دەشڵێِ: "ئێستا شێوازی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و پێشتر وەبەرهێنەرەكان حەزیان لە چ پڕۆژەیەك بووایە پێمان دەدان، بەڵام ئێستادا ئێمە پڕۆژەیان دەخەینە بەردەم و ئەوان دەتوانن جێبەجێیان بكەن".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "چاوەڕێ دەكەین وەبەرهێنەری زۆری بیانی و ناوخۆیی بێن وەبەرهێنان بكەن و ئێمەش دەستپێشخەرییان بۆ دەكەین، بۆیە دەكرێت كۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی بە هاوبەشی كار بكەن، چونكە ئەوانەی لای ئێمە مۆڵەتیان پێ دراوە، 20%ـیان كۆمپانیای بیانین".

 

بڵند ئیبراهیم