خانەقین.. جۆرێكی نوێی تەعریب دەستی پێكردووە و شەڕیش دروست بوو

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-29 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین رایگەیاند، دوای داگیركردنی زەویی كوردەكان لە سنووری خانەقین، لە ئێستادا عەرەبەكان بە هاوكاریی حەشدی شەعبی، جۆرێكی دیكەی تەعریبیان دەست پێكردووە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، عەرەبە هاوردەكان بە هاوكاریی ئیدارەی دیالە دوای ئەوەی كوردیان لە گوندەكان دەركرد و زەوییەكانیان داگیر كردن، لە ئێستادا دەیانەوێت تەعریبی زیاتر بكەن، بۆیە كۆمەڵێك عەرەب بە هاوكاریی حەشدی شەعبی و ئیدارەی دیالە، هاتبوون بۆ خانەقین و دەیانویست كە موڵكەكانی كورد و موڵكە حكوومییەكان بخەنە موزایەدەوە و عەرەب بیكڕن، بەڵام كورد رێگری كرد و شەڕ دروست بوو و زۆریان لە عەرەبەكان دا و لە شارەكەش دەریانكردن.

شێخ مستەفا گوتیشی، عەرەب بە هەموو شێوەیەك دەیانەوێت رۆڵی كورد كەم بكەنەوە، كە ئێستاش دەیانەوێت لە جەلەولا چەندین فەرمانگە بكەنەوە و لەوێ كارەكان جێبەجێ بكەن، بۆ ئەوەی فەرمانگەكانی خانەقین بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

 

بڵند ئیبراهیم