سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-29 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  ڕۆژی چوارشەممە 29ـی 1ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میخاییل بۆگدانۆڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەروەی ڕووسیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و ئۆلێگ لێڤین كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر و ژمارەیەك لە دیپلۆماتكار و بەرپرسانی كۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسیایی.

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا سڵاوی سەرۆك پووتین و وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی ڕووسیا و گەلی كوردستان و ڕۆڵی خانەوادەی بارزانی لەو پەیوەندییەدا، سەرۆك بارزانیشی وەك دۆستێكی مەزنی گەلی ڕووسیا وەسف كرد. نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا پێزانینیشی بۆ سەقامگیری و پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو و ویستی وڵاتەكەیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا نیشان دا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك پووتین و وەزیری دەرەوەی ڕووسیای كرد و هەورەها سوپاسی هەڵوێستی حكوومەت و كۆمپانیاكانی ڕووسیای كرد كە لە ڕۆژانی سەخت و تەنگانەدا لەبەرانبەر هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ئیجابی و بەرزیان نواندووە. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و ڕووسیا كرد و بە پێویستیشی زانی ئەو پەیوەندییانە قووڵتر و فراوانتر بكرێن. لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنە سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا گەیاند و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەلی كورد لە سووریا خستەڕوو.

بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و هەڕەشەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر و، مەترسییەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.