لایەنە سیاسییەكانی لوبنان رێككەوتن بۆ دانانەوەی سەعد حەریری بەسەرۆكوەزیرانی لوبنان

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

پاش پاشەكشەكردنی لە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی لوبنان، سەمیر ئەلخەتیب رایگەیاند هۆكارەكەی پشتیوانیكردنی سەعد حەریریە لە لایەن سوننەكانی وڵاتەوە.

دەیانەوێت سەرلەنوێ ئەو پێگەیە وەربگرێتەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە، سەمیر ئەلخەتیب، پاشەكشەكردنی لە خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی لوبنان راگەیاند و وتی "هۆكاری پاشەكشەكردنم بۆ ئەو  پێگەیە پشتیوانیكردنی سوننەكانی وڵاتە بۆ سەعد حەریری، كە سەرۆك وەزیرانی پێشوی لوبنانە و دەیانەوێت سەرلەنوێ ئەو پێگەیە وەربگرێتەوە".

خەتیب لەمیانی لێدوانێكیدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی لوبنان ئاماژەی بەوەكرد "شێخ عەبدولەتیف دریان، موفتی كۆماریی لوبنان پێی راگەیاندم بۆ پێگەی سەرۆك وەزیران پشتیوانی سەعد حەریری دەكات".

بڕیارەكەی موفتی كۆماریی بە حەریری رادەگەیەنم

لە درێژەی وتەكانیشیدا خەتیب وتی "پاش ئەم لێدوانە دەچمە خانەی واست تا لەگەڵ حەریری كۆببمەوە و بڕیارەكەی موفتی كۆماریی لوبنانی پێڕابگەیەنم، كە پشتیوانی لەودەكەن بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ".

وتیشی "سەعد حەریری ناوی منی كاندیدكردوە بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی لوبنان، ئەو متمانەیە بۆ من بەنرخە و سوپاسی دەكەم".

لە رێكەوتی 17ی مانگی رابردوەوە، خۆپیشاندانی بەرفراونی گەلی لوبنان ماوەی زیاتر لە مانگێك بەردەوامبو، كە داواكارییەكانیان روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە بەرپرسانی وڵات و گۆڕانی چینی سیاسی ئەو وڵاتە بو.

لە ئەنجامیشدا، سەعد حەریری، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی لوبنان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی گەیاندە میشێل عۆن، سەرۆك كۆماری لوبنان، لەوكاتەشەوە تا ئێستا گفتوگۆ و دانوستانەكان سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ بۆ ئەو وڵاتە بەردەوامی هەیە.